Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەرمانی دەستکەوتەکانی پارتی..

لیزا فەلەکەدین کاکەیی

دامه‌زراندنی پارتی زەروورەتێكی پێوست بوو بۆ ئه‌و سەردەمەی پارتی تیا دامه‌زرا،  چونکەپێش دروستبوونی پارتی له ‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه  زۆر پارت و ڕێكخراو دامه‌زران له‌ باشووری كوردستان،  پارتی ناوچەیی و لۆکاڵی بوون، بەڵام ئەو کاتەی پارتی‌ دامه‌زرا  توانی ببێته‌ جێگەی متمانه‌ی ته‌واوی خەڵكی باشووری كوردستان و ببێتە میراتگری یەک پارچەیی ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان بە ئاین و فکرەوە...

خاڵێکی گرنگ ئەوە بوو مەلا مستەفا بارزانی دامەزرێنەری ئەو پارتە بوو کە لەکۆنگرەی یەکەمیشدا لە١٦ ئابی ١٩٤٦ کرایە سەرۆکی پارتی... چونکە بارزانی وەکو میراتگری شۆڕشەکانی بارزان و  کارێزمایەکی نیشتمانی لەناو خەڵکی کوردستاندا ئەناسرا...

ئه‌و كاته‌ی پارتی دامه‌زرا لە١٦ ئابی ١٩٤٦، پاش كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م بوو،  کە قۆناغی هەڵسانەوەی میلله‌تانی ژێرده‌ست و شۆڕشی ئازادیخوازان بوو.. مستەفا بارزانیش دەرکی بەوە کردبوو کەدەبێت لەو قۆناغەدا پارتێک دابمەزرێت چەتری کۆ کردنەوەی هەموو ئایدیا جیاوازەکان بێت و خەباتی ڕزگاریخوازی و ئازادی نەتەوەیی ببێتە دروشمی ئەو پارتە.. 

 مستەفا بارزانی  بە دامەزراندنی پارتی توانی 

١- کۆی حزبە لۆکاڵیەکان لە ژێر سەرکردایەتی یەک حزب بکاتە دەستکەوتێکی مێژووی بۆ گەلەکەی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان ..

٢-پارتی توانی  چەند رێکخراوێک بۆ چین و تویژە جیاوازەکان دروست بکات لە ژێر چەتری رێکخراوێک بۆ قوتابیان و لاوانی کورد،  وە دروستکردنی رێکخراوێک بۆ ئافرەتانی کوردستان  زانایانی ئاینی و نوسەرانی کورد.. چونکە ئەم  رێکخراوانە بوونە زانکۆیەک بۆ پێگەیاندنی ئاستی هۆشیاری تاکی کورد و قاڵبوون بۆ کاری سیاسی و ئامادەکردن بۆ قۆناغی چەکداری..

٣- پارتی و مستەفا بارزانی  سه‌ركردایه‌تی مەزنترین و درێژترین شۆڕشی كوردی كرد له ١١ی ئه‌یلولی ١٩٦١ تا ڕێككه‌وتننامه‌ی ٦ی ئازاری١٩٧٥  

٤- پارتی چەتری  کۆ کردنەوەی هەموو خەباتگیڕانی کوردستان  بوو لەژێر سەرکردایەتی یەک پارت و یەک رێبەر، کە شۆرشی ئەیلوول  سێبەری  ئەو چەترە بوو کە بارزانی نەمر و پارتی خاوەنداریان کرد.. 

٥- پارتی توانی بەیاننامەی ١١ ئازاری ١٩٧٠ بۆ گەلانی کوردستانی باشوور بکاتە مەزنترین دیکۆمێنتی مێژوویی کە ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستان بەهێزترین خاڵی سیاسی جوگرافی نەتەوەیی   بوو..

٦- پارتی بەدامەزراندنی دۆزی ڕه‌وای كوردی به‌ جیهانی کرد و لە لۆکاڵی بونەوە   کوردی کردە قه‌زیه‌كی  نێودەوڵەتی..

٧- پارتی شکستی بەشکست هێنا و دوای خیانەت نامەی جەزائیر  نەی هێڵا پیلانە نێودەوڵەتی و هەرێماتیەکان دەستکەوتەکانی شۆڕشی  ئەیلوول   لەناو ببات و شۆڕشی گوڵانی کردە میراتگری شۆرشی ئەیلوول..

٨- پارتی و ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد، بەرەی کوردستانی کردە یەك لەدەستکەوتە گرنگەکانی میللەتەکەی و لەترازان و شەڕی ناوخۆوە جارێکی دیکە شۆڕشەکانی کوردی یەک خستەوە و  لە ژێر ئاڵای یەکبەرە کە بەرەی کوردستانی بوو کۆی کرنەوە..

٩- پارتی ژیلەمۆی ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلانی کوردستان بوو لەساڵی ١٩٩١  کە دواجار هەموو گەلانی کوردستانی لەیەک سەنگەری نیشتمانی کۆکردەوە و  رزگاری و شکانی زووڵم  بەرهەمی ئەو  بەرخودانە  میللیە بوو..

١٠- پارتی و سەرۆک بارزانی  یەکەم حزب و سەرۆک بوون لە پاش ڕاپەڕین لەشاری کۆیەوە لەبەردەم هەزاران خەڵکی ئەو شارە داوای کرد دیموکراتی و هەڵبژاردن ببێتە میراتگری بەرەی کوردستانی و گەلانی کوردستان بەئازادی پەرلەمان و حکوومەتی خۆیان درست بکەن..

١١- پارتی خاوەنی پاکێجی یەکخستنی کۆی حزبە ئیراقیەکان بوو بۆ لەناو بردنی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق..

١٢- پارتی و سەرۆک بارزانی  خاوەنی  بیرۆکەی ڤیدراڵی بوو بۆ گەلی کوردستان و هێز و توانای پارتی بوو توانی ئەم مافە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی دوای رژێمی بەعس بچەسپێنێت..

١٣- راپرسی بۆ سەر بەخۆی کوردستان ئەو خەونە مەزنە بوو کە پارتی و سەرۆک بارزانی  له‌ ٢٥ی ٩ی ٢٠١٧ بە چەندین تەحەداوە کردیە بەهێزترین دیکۆمێنتی نەتەوەیی و  بەهەموو گەلان و دەوڵاتانی دونیای گەیاند نەتەوەیەک هەیە مافی سەر بەخۆ بونیان هەیە..

١٤- پارتی  ئەفسانەی داعشی  تێکشکاند و  هاوکات لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان  توانی بەرگری لە خاک و گەلەکەی بکات..

١٥- پارتی خاوه‌نی داستانی پردێ و سحێلایە كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌ پیلانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبه‌ر پاراست و سنوورێکی بۆ تەماع کاری  داگیرکەران دانا..

١٦- پارتی خاوەنی فەلسەفەی بیری نەتەوەییە و هەرگیز لەبەر پرسیارەتی ڕای نەکردووە و لە سەخترین وەختەکانی ژیانی سیاسی و سەربازی حوکمرانی  ئەوپەڕی بەر پرسیارانە  درێژەی بەسیاسەتی نەگۆڕی خۆی داوە و لەپێناوی هیچ پۆست و مەسکەبێک گەلەکەی نەکردووتە  قوربانی بەتەنیا جێی نەهێڵاوە..

دەستکەوتەکانی پارتی سەدانن بۆ گەلەکەی، تەنیا ویستم لەم یادەدا چەند سەرە قەڵەمێک  لەخەرمانی دەستکەوتە مەزنەکانی پارتی وەبیر بهێنمەوە..

لەکۆتایدا پیرۆز بایی لە هەموو گەلانی کوردستان دەکەم، چونکە یادی پارتی یادی تاک بەتاکی خەڵکە ڕەسەن و ئەسیلەکەی هەرێمی کوردستانە.. پیرۆزبایی  دامەزراندنی پارتی و  لەدایک بوونی سەرۆک  مەسعود بارزانی  یاد و  خاوەنداری هەموو ئەو  گەلانەیە  کە بڕوایان بە مافی سەربەخۆ بوون و  فەلسەفەی نەتەوەیی هەیە..

پیرۆزە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان لە پێشمەرگەقارەمانەکانی کوردستان.. پیرۆزە لە  هەڤاڵانی ئەو پارتیەیی هەمیشە پێشەنگ بووە بۆ گەلەکەی..