ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان گوتی، لە ھەرێمی کوردستان حکوومەت گرنگییەکی زۆری بە لاوان داوە و لە ئێستادا زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت لاون و ڕۆڵێکی کاریگەریان ھەیە لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی حکوومەت خۆی ئاماژەی بە رۆڵی ئەوان کردووە کە چەند ھاوکار بوونە بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
مەیسەر نھێلی، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژی جیھانیی لاوانە و ئەم ڕۆژە لە ھەموو لاوان پیرۆز دەکەین و یەکێتیی لاوانیش لەسەر راسپاردەی بارزانیی باوک دامەزراوە و لەو رۆژەوە تا ئێستا لە قۆناغی جیاجیا بەردەوام بووە لە خەباتکردن، ھەر لە قۆناغی خەباتی پێشمەرگایەتی تا ئێستا کە قۆناغی ئەنجامدانی چالاکییە، بۆیە لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک چالاکی و کاری باشمان کردووە".
نهێلی گوتیشی: "ھەموو رۆژێک لای ئێمە رۆژی لاوانە بە ھۆی ئەنجامدانی کار و چالاکیی بەردەوام، وەکو فێستیڤاڵی وەرزشی و فێستیڤاڵی ھونەری و کاری رۆشنبیری و کردنەوەی خێوەتگا و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیاجیا و پێکھێنانی ئەنجوومەنی لاوان کە ھەموو لایەنەکان تێیدا بەشدارن و سەردانی سەرۆک بارزانیشمان کرد و لەسەر راسپاردەی جەنابیان پێشنیازی چەند چالاکییەکی کرد بۆ ھەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتە سیاسییەکان لە هۆتێلی شیراتۆن لەبارەی خاڵە ھاوبەشەکانی نێوان لایەنەکان، بۆیە لەسەر کار و خەباتی خۆمان بەردەوامین".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "لە بواری تەکنەلۆژیاش پارساڵ بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیداری لاوان ئەنجام درا و ھەزار و ٥٠٠ لاو بەشدار بوون و شەش پانێڵی لەخۆ گرت، لەبارەی پڕۆژەی گەنجان بۆ ژینگەپارێزی و ھەلی کار و سۆشیال میدیا و بواری دیکە پێشکەش کران، بۆیە ئەمڕۆش لە دھۆک پانێڵێک ئەنجام دەدرێت بۆ ماڵی لاوان، کە چیرۆکی پێنج لاوی سەرکەوتوو باس دەکرێت چۆن توانییان پشت بە خۆیان ببەستن".
دەشڵێ: "وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش توانیویانە بەپێی توانا گرنگی بە توانای لاوان بدەن، بە تایبەت لەم کابینەیەدا گرنگییەکی زۆر بە لاوان دراوە و زۆربەی بەرپرسانمان لاون و گرووپێکی گەنجان کار لەسەر بەدیجیتەڵکردنی حکوومەت دەکەن بۆ رێگریکردن لە گەندەڵی و چاکسازی، ئەو گرووپەی گەنجانیش سەرۆکی حکومەت خۆی ئاماژەی پێ دا کە رۆڵێکی کاریگەریان ھەیە و توانیویانە ببنە پاڵپشتێکی گەورە بۆ حکوومەت".
ساڵانە 12ی 8 وەکو رۆژی جیھانیی لاوان دیاری کراوە و لەم رۆژەدا لە ھەرێمی کوردستانیش چالاکیی جۆراوجۆر لەلایەن یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن.
بڵند ئیبراھیم