ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، عێراق خەریکی ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیەکە بۆ ئاسایشی خۆراک و دەڵێ: ھەرێمی کوردستان تێبینی خۆی ھەبووە لەسەر پڕۆژەکە و دوای تەواوبوونی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
د.زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەی لیژنەی نیشتمانی ئاسایشی خۆراک لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئێمەیش وەک نوێنەری ھەرێمی کوردستان بەشداربووین .. وەزیری کشتوکاڵی عێراق سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات، پێشتر ڕەشنووسی پڕۆژەی ئاسایشی خۆراک ئامادەکرابوو، بەڵام ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان ھەندێ تیبینیمان لەسەر ڕەشنووسەکە هەبوو، ڕێکخراوی فاویش بەھەمان شێوە تێبینی ھەبوو.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: تێبینییەکانمان بۆ بەغدا ناردووە، چونکە پڕۆژەکە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، لیژنەکە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ ئەوەی ستراتیژییەک لە عێراق لەبارەی ئاسایشی خۆراکەوە ئامادە بکرێت.
د.زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوای پێداچوونەوە، پڕۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، لەوانەیە سودانی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی ئاسایشی خۆراک کۆببێتەوە چونکە پڕۆژەکە زۆر بوار لەخۆ دەگرێت و تەنیا خۆراک نییە، بەڵکو گۆڕانکاری کەشوھەواو، ژینگە، دابینکردنی ئاو، دەزگای کوالێتی خۆراک و خاڵە سنورییەکان و چەندین خاڵی دیکەش دەگرێتە خۆی.
قائید میرۆ