ھەولێر-KDP.info- پسپۆرێکی جوگرافیای سیاسی پێی وایە، سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تاران کاریگەری لەسەر ڕەوشی ناوچەکە ھەبووە، دەشڵێ: ھەڵوێستی ئێستای ئێران زۆر جیاوازە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان.
پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل، پسپۆری جوگرافیای سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی ھەیە لە ناوچەکە، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، ئەو دیپلۆماسییەی نێچیرڤان بەکاریدێنێ دەتوانێت ئەو پەیامەی ھەیەتی بگەیەنێتە سەرۆکی وڵاتان، کاک نێچیرڤان ڕوو لە ھەرکوێ بکات ھیوا و ئاشتی لەگەڵ خۆی دەبات بۆ ئەو ناوچەیە، بێگومان دوای سەردانەکەی ئێستا و پێشووش کاریگەری سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دیارە.
ئەو پسپۆرەی جوگرافیای سیاسی گوتیشی: ئێران وڵاتێکی کاریگەری دراوسێی ھەرێمی کوردستانە و کاریگەری لەسەر کێشەی کورد لە عێراق هەیە، لەبەر ئەوەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێران لەجێی خۆیەتی و ڕۆڵێکی گرینگی دەبێت بۆ سەرخستنی پرسی کورد لە عێراقدا، ئێستا ھەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان ئاشتییانیە.
لەبارەی سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان ئەگەر ئەنجامی بدات .. بێگومان گۆڕانکارییەکی گەورەیە، چونکە تا ئێستا سەرۆککۆماری ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستانی نەکردووە، بەتایبەتی سەرۆککۆماری ئێران ئێستا دەست بەکاربووە، کاریگەری سەردانەکە بەرھەمدار دەبێت، نەک تەنیا بۆ ھەرێم و ئێران بگرە بۆ عێراقیش.
قائید میرۆ