کەرکووک-KDP.info- بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، تەقە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کراوە و بهرپرسی لق رایدهگهیهنێت: ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە نزیک بارەگای لقمان بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 3:00 لە دوو شوێنی جیاوازەوە بە قەناسە و دەستڕێژ، تەقە لە بارەگاکەمان کراوە و پاسەوانەکانی ئێمەش وەڵامیان داونەتەوە شەڕ ڕووی داوە".
دەشڵێت: "ئامانجی تەقەکەرەکان گرتنی خاڵێکی پاسەوانی بارەگاکە بووە، کە یەکەمجار تەقە لەوێ کراوە و دواتر بێنە نێو لقەوە و کردەوەی تیرۆریستی بکەن".
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێ ئاماژەی بەوەش دا: "ڕووداوەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە، بەڵام پێشهاتێکی خراپە و پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد لە بابەتەکە بکرێت".