ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی (١٥)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان / عومەری سەید عەلی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان.
بە بۆنەی (١٥)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەکەتان دەکەین و، هیواداری بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
ئێمە لە کاتێکدا ئەو یادەتان پیرۆز دەکەین، ڕۆڵ و کاریگەری ئێوە لە دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
لەو دەرفەتەدا هیوادارین هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانە هەوڵ بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی ڕۆشن و شایستە بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان.
دووبارە یادی دامەزراندنی بزووتنەوەکەتان پیرۆز بێت، هەر سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتى كوردستان
٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٤