Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕادیۆی شێخان کرایەوە

شێخان -KDP.info-  به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حكوومی، حزبی و كه‌سایه‌تی ئاینی، ڕادیۆی شێخان ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی ئه‌نجام دا، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ڕایگه‌یاند: بوونی چارەگە ملیۆنێک دانیشتووان، پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوەی جیاجیا لە قەزای شێخان پێمان دەڵێت، "ئەم قەزایە شایانی بایەخ پێدانە لە ڕووی میدیاییەوە، کردنەوەی ئەم ڕادیۆیە، بەرسڤی جوانییەکانی ئەم دەڤەرەیە.

بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)، ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی 20ـی (پ.د.ک) لە شێخان، د.ڤیان سلێمان و سەباح بەیتوڵا، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، میر جەهوەر عەلی بەگ، سەردار یەحیا بەرزنجی، قایمقامی قەزای شێخان، ئیبراهیم شەرەفانی و هەرمان میرزا بەگ ڕاوێژکاران لە ئەنجوومەنی وەزیران و کەسایەتی حزبی، حکوومی و ئاینی، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی کردنەوەی ڕادیۆی شێخان بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی 20ـی (پ.د.ک) لە گوتەیەکدا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و هیوای خواست ڕادیۆی شێخان بەزوویی پەیام و ڕووانگەکانی خۆی بگەیەنێتە هەمووان.
لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا کە بەشێک لە ئەندامانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیش ئامادەبوون،  سیمینارێک بە ناونیشانی (ڕاگەیاندن و ئەرکەکانی) بۆ د.سالار عوسمان سازکرا و تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی کردنەوەی ڕادیۆی شێخان و گوتی: بوونی چارەگە ملیۆنێک دانیشتووان، پێکەوەژیانی ئاین و نەتەوەی جیاجیا لە قەزای شێخان، پێمان دەڵێت، ئەم قەزایە شایانی بایەخپێدانە لە ڕووی میدیاییەوە و کردنەوەی ئەم ڕادیۆیە، بەرسڤی جوانییەکانی ئەم دەڤەرەیە.
گوتیشی: ڕادیۆی شێخان دەبێتە پردی پەیوەندی لە نێوان خەڵک و حکوومەت و ڕای گشتی دەگەیەنێت بە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەوێوە ئاریشەکانی هاووڵاتییان چارە بکرێن.
لەبارەی ئەرکی ڕاگەیاندن، د.سالار عوسمان ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ڕاگەیاندن بریتییە لە ئەرکی کۆمەڵایەتی، هەر وەک چۆن پلاتفۆرم ناونراون تۆڕی کۆمەڵایەتی، کەواتە دەبێت ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێت لە ناو کۆمەڵگەدا.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا کاروان باعەدری، بەڕێوەبەری ڕادیۆی شێخان، وێڕای سوپاس و خۆشحاڵی دەربڕین، کارنامەی ڕادیۆی شێخان ـ ی بۆ ئامادەبووان خوێندەوە.
شایانی باسە ڕادیۆی شێخان لە سەر شەپۆلی (١٠١.٩) بە دروشمی (ڕادیۆی پێکهاتەکان و پێکەوەژیان) و ٢٤ کاتژمێری بەردەوام، بەرنامەکانیبۆ دەڤەرەکە پەخش دەکات.