Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی نەوت و غاز: پێویستە ئەمجارە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی نەوتی ھەرێم بکرێت

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی: میوانداری ھەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان دەکەین بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێت، چونکە ئەمجارە سورین لەسەر ئەوەی  پێویستە گرفتەکان ھەرچی بن چارەسەر بکرێن و دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بکرێتەوە.

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەبارەی وردەکاری گفتوگۆکان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، لە ڕۆژانی داھاتوو میوانداری ھەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی تەواومان پێبدەن لەبارەی ئەو ڕێککەوتنانەی کراون، چونکە جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستەکانی لە کۆمپانیاکان کردووە و هێشتا ھیچ ڕێکارێک نەگیراوەتە بەر، ئێمەش دەمانەوێت تەواوی زانیاریمان پێبدەن، تاکو بزانین ھۆکار چییە ئەو پرۆسەیە ھێندە دواکەوت  و چی ماوە لەسەری بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
دکتۆر سەباح سوبحی گوتیشی: بەو ھۆیەی گرێبەستەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گرێبەستەکانی عێراق جیاوازن، داوا دەکرێت پێیدا بچنەوە و بکرێنە یەک شێوە، بۆ ئەو مەبەستەش  ڕێککەوتن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی نییە لە پێداچوونەوەی گرێبەستەکان.
سوبحی باسی لەوەش کرد: ئامانج لە میوانداریکردنی ھەردوو وەزارەت ئەوەیە پەلە بکرێت لە ڕێککەوتن و چارەکردنی ھەر گرفتێکی ھەبێت، ئێمەش یارمەتییان بدەین، بۆ ئەوەی بەزووترین کات نەوتی هەرێمی کوردستان ھەناردەی دەرەوە بکرێتەوە، چونکە ھیچ چارەیەک نییە جگە لەوەی بەزووترین کات بگەنە ڕێککەوتن و دەست بەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە.
گوتیشی: بەربەستی سەرەکی تێچووی دەرھێنانی نەوتە، کۆمپانیاکان داوای زیاتر لە 20 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت دەکەن، عێراقیش داوا دەکات ھەشت بۆ نۆ دۆلار بێت، بۆیە پێویستە ئەمجارە چارەیەک بدۆزرێتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە بێت، چونکە ئەمە لە بەرژوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش دایە.

بڵند ئیبراھیم