Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر بۆ KDP: دەستمان بەسەر سەدان پارچە چەکدا گرتووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی و قەدەغەکراو بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستیان بەسەر سەدان پارچە چەکدا گرتووە و چەندین تۆمەتباریشیان دەستگیر کردووە.

لەو بارەیەوە، نەقیب (کارزان ساڵح مشیر) وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێزدار (مەسروور بارزانی) لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022 بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی چەک و داخستنی ئەو شوێنانەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی چەکیان تێدا دەکرێت، هەروەها تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانەی کە چەکیان هەیە، بۆ ئەوەی ناویان لە بنکەکانی پۆلیس تۆمار بکرێت، خۆشبەختانە هاووڵاتیان بە دەم بڕیاری جەنابی سەرۆکی حکوومەتەوە چوون و زۆر خۆشحاڵ بوون بەوەی کە چەکی نایاسایی و بێ مۆڵەت قەدەغە بکرێت و هەڵگرتنیشی سنووردار بکرێت، کە هاووڵاتیان بە گشتی پێشوازییەکی گەرمیان لەو بڕیارە کرد".

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی کردەوە: "پاش بڕیارەکەی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆمان دەرکەوت کە کۆمەڵە کەسانێک بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵدەستان بە کڕین و فرۆشتنی چەکی قەدەغەکراو و نایاسایی و بێ مۆڵەتدا، بۆیە هەڵمەتێکمان دەست پێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کەوا کاری کڕین و فرۆشتن بە چەکی قەدەغەکراو دەکەن یاخود بە شێوەیەکی نایاسایی چەک هەڵدەگرن، لەو چوارچێوەیەشدا دەستمان بەسەر سەدان پارچە چەکدا گرتووە و هەروەها چەندین تۆمەتباریشمان بە تۆمەتی هەڵگرتن و مامەڵەکردن بە چەکی بێ مۆڵەت و نایاساییدا دەستگیر کردووە".‌

نەقیب (کارزان ساڵح) ڕاشیگەیاند: "دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک، جا لە هەر پلە و پایە و پۆستێکدا بێت، مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی چەکەوە بکات یانیش چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، چاوپۆشیی لێ ناکرێت و بەپێی ماددە (15 ی چەک) دەستگیری دەکەین و وێڕای دەستبەسەرداگرتنی چەکەکەی، تۆمەتبارەکەش ڕادەستی دادگا دەکەین، چونکە کەس لە یاسا بەرزتر نییە و خۆشبەختانە هەڵمەتەکەشمان کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان هەبووە و ئەو هەڵمەتەش تاوەکو بنبڕکردنی یەکجارەکیی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی و قەدەغەکراو بەردەوام دەبێت".

 

ئومێد بابان