Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گەورە له‌ زاخۆ داده‌نرێت

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ دەڵێت، سبەی بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گەورە لەسەر ڕووبەری زیاتر لە ١١٠ دۆنم زەوی بە سەرمایەی ٣٧ ملیۆن دۆلار دادەنرێت، کە پڕۆژەی گەشتیاری و بازرگانین.

جگەر خوێن تاھر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە سبەی بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گەورە دابنرێت، ئەوانیش پڕۆژەی ڤیا پارکی زاخۆ کە پڕۆژەکە گەشتیاری و بازرگانییە لەسەر ڕووبەری ٢١ دۆنم زەویە و سەرمایەی پڕۆژەکە ٢٥ ملیۆن دۆلارە و ٣٥٠ دەرفەتی کاریش دەرەخسێنێت، ئەو پڕۆژە ھێشتا مۆڵەتیشی وەرنەگرتووە و لە قۆناغی مۆڵەت وەرگرتنە و پێمان ڕاگەیاندن کار بکەن تا مۆڵەت تەواو دەبێت و سبەی بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت".

ناوبراو گوتیشی: "ھەر سبەی بەردی بناغەی پڕۆژەی (جەنەڕاڵ پارکی سیپان) دادەنرێت لەسەر ڕووبەری ٩١ دۆنم زەوی بە سەرمایەی ١٢  ملیۆن دۆلار، بۆیە ئەویش مۆڵەتی لە قۆناغی کۆتایی دایە و ھەردوو وەبەرھێنەر  دەست بەکاری خۆیان دەکەن، چونکە ئەوەی ڕێکاری پێویستە ئەنجامیان داوە و ٢٠٠ ھەلیکار دەرەخسێنێت، کە ھۆتێلێک و ٥٠ ڤیلای گەشتیاری و خواردنگە و کافتریا و شوێنی پێشبرکێ و چەند شوێنی دیکەی تێدایە و چوونی خەڵک و خێزان بۆ پارکەکە بە بێ بەرامبەر دەبێت".

بڵند ئیبراھیم