Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

ھەولێر-KDP.info- هوشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە میانەی ئەو دیدارەدا باس لە دوایین ئاریشە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە زیانەکانی پێکدادانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەی بۆ سەر دانیشتوانی ناوچە سنووریەکان و ئاوارەبوونی گوندنشینەکان کرد. 

هاوکات هەرێمی کوردستان تێگەشتنی بۆ نیگەرانییەکانی تورکیا هەیە، بەڵام دەبێت ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەبەرچاو بگیرێت و هەوڵی ئەوە بدرێت ئەو ململانێ سەربازییە لەو سنوورانە دوور بخرێتەوە و کوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕ و پێکدادان.

لای خۆیەوە ئێرمان تۆپچو سوپاسی ئەو پێشوازیەی کرد و جەختی لە گرنگی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کردەوە و گوتی: گەلی کوردستان و تورکیا دوو دراوسێ و نەتەوەی مێژویین لەم ناوچەیەدا و خاوەنی کۆمەڵێ بەرژەوەندی ھاوبەشن کە پێوستی بە هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن هەیە بۆ بەدەستهێنانیان.  

ناوبراو گوتیشی: حکوومەتی وڵاتەکەی بە گرینگیەوە لەو پەیوەندییانە دەڕوانێت و بە دڵنیاییەوە کار بۆ بەهێزترکردنیان دەکات. دەربارەی هەڕەشە و کێشەی ناوچە سنووریەکان کە لەلایەن پەکەکەوە دروستکراوە و بووەتە هۆکاری زەحمەتی بۆ هاونیشتمانیانی هەردوولا لەسەر سنوور، هێزی سەربازی تورکیا لەسەر سنوور بەرگری لە پاراستنی سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵات دەکات و هەر هێز و گروپێک ببێتە مایەی هەڕەشە و تێکچوونی ئارامی وڵات بەرەو ڕووی دەبێتەوەو تورکیا سەقامگیری خۆی و دراوسێکانی بە هەند وەردەگرێت و هەماهەنگی دەکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و زامنکردنی گەشەکردن و پاراستنی گیانی برایەتی نێوان نەتەوەکانی ناوچەکە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و دوور لە توندوتیژی. 

بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە بوو لەسەر بارودۆخ و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە هەیە و کاریگەری نێودەوڵەتی لەسەر گەشەی ئابووری و بازرگانی و هاتووچۆ، هەروەها تێیدا باسی ڕێگای گەشەسەندن کرا کە پڕۆژەیەکی گرینگ و گەورەی عێراق و تورکیایە، لە کۆتاییدا هەردوولا هاوڕابوون کە هاوئاهەنگی زیاتری نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و حکوومەتی تورکیا پێویستە.