Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە زاخۆ ٢٨٠ پڕۆژە جێبەجێ کراون

زاخۆ -KDP.info- جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: لە کابینەی نۆیەمی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرینگی تایبەت بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دراوە، تا ئێستا ٢٨٠ پڕۆژە جێبەجێ کراون  و زاخۆ تەواو گۆڕاوە و متمانەی تەواو لە نێوان خەڵک و حکوومەت دروست بووە.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەندازیار ھێژا محەمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ماوەی ئەم پێنج ساڵە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگی زۆر و تایبەتی بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دراوە، تا ئێستا ٢٨٠ پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ کراون کە ھەموو سێکتەرەکانی گرتووەتەوە، وەکو ئاو، کارەبا، پەروەردە، رێگاوبان، تەندروستی، گەشتوگوزار و ھەموو کەرتەکانی دیکە، بۆیە ئێستا سیمای زاخۆ بەراورد بە ڕابردوو بەتەواوی گۆڕاوە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری گرینگ و بەردەوام گەشتیاری زۆر ڕووی تێ دەکات، بەهۆی هاتنی گەشتیار و پڕۆژەکانیشەوە، زۆر دەرفەتی کار بۆ خەڵکی زاخۆ ڕەخساوە و ئێستا پلان ھەیە بۆ ئەوەی زاخۆ زیاتر لەوەی ئێستا پێشبخرێت و زیاتر خزمەتی بکرێت.
ئەندازیار ھێژا محەمەد گوتیشی: ئەگەر ئێمە تەنیا نموونە بە دروستکردنی ڕێگاوبان بێنینەو، لە زاخۆ ٨٠%ی ڕێگا ناوخۆییەکان دروستکراون، ئەوەی ماویشە کاری بۆ دەکرێت، ئەمەش بووەتە جێگەی دڵخۆشی خەڵکی زاخۆ و متمانەیان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕوونیشی کردەوە: ئێستا بەھۆی ئەو گرینگی دانەی کابینەی نۆیەم بە زاخۆ خەڵک زۆر ھاوکارە لەگەڵ حکوومەتی خۆجێیی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، چونکە متمانەیەکی زۆر باش لە نێوان خەڵک و حکوومەت دروست بووە و دەزانن حکوومەت بە کردار خزمەتی زاخۆی کردووە، ئێستا لە بواری گەشتوگوزار پڕۆژەی قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆش لە بواری جێبەجێکردن دایە.
دەشڵێت: پێشتر ھەردوو کەرتی گەشتوگوزار و وەبەرھێنان زۆر گرینگی پێ نەدەدرا، بەڵام بەھۆی ئەو پێشکەوتنانەی لە زاخۆ ھاتوونەتە ئاراوە وەبەرھێنەریش دێن، دەیانەوێت پڕۆژەی جۆراوجۆر لەبورای وەبەرھێنان لە زاخۆ ئەنجام بدەن.

بڵند ئیبراھیم