Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چەند بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

سۆران-KDP.info- ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشکرای دەکات، بۆ ساڵى نوێى خوێندن داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی سێشەممە ٩ـی تەممووزی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتى ئارام محەممەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبوونەوەى ئاسایی ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سۆران بەڕێوەچوو.

بە سەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجوومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆى سۆران چەند بڕیارێکى دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکانیش هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە خوێندنى حکوومى برەخسێنن.

هەروەها بەهەمان ڕێژەى ساڵانى ڕابردوو داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران ئەنجام بدەن، ئەویش لە پێناو پشتیوانیکردنى قوتابیان و خانەوادەکانیان بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان.

هاوکات بە ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیاریدا سەرجەم زانکۆکان هیچ بڕە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکارانى خوێندنى باڵا وەرنەگرن.