سلێمانی-KDP.info- لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییانی سلێمانی، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرقاڵی پرسی مووچەین، ئینشائەڵڵا چارەسەر دەبێت و ئیدی هاتنی مووچە نابێتە هەواڵ، هەروەها گوتی، مووچەی بێ کەرامەت بێ خاک قیمەتی نییە و ئێمە دەمانەوێت ئێوەی هاونیشتمانییان بە سەربەرزییەوە مووچە وەربگرن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، هەموو هەوڵێک درا بۆ زاڵبوونی "بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی" بەسەر بەرژوەندیی گشتی.
هەروەها لەبارەی هەژماری منـەوە ئاماژەی بەوە کرد: "هەژماری من بۆ ئەوەیە کە پەککەوتە و خاوەن شەهیدان لە سەرەدا نەوەستن، بەڵکو هەرکاتێک خۆی بیەوێت بچێت مووچەکەی وەربگرێت، بەڵام وا خەریکن ناهێڵن ئەمەش سەربگرێت".
مەسروور بارزانی دڵنیایی دەدات لەوەی، "کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، ئەگەر بە دەست من بێت یەک ڕۆژ مووچە دواناخەم و ئەوانەی تۆمەتبارمان دەکەن کە بوودجە نادەن، داکۆکیان لەوە دەکرد بەغدا بوودجە بدات".
لەبارەی دادگاکانەوە، مەسروور بارزانی دەڵێت: "ئەگەر دادگا سەربەخۆ نەبێت گەورەترین کارەساتە ئێمە وەکو حکوومەت مافمان نییە دەستوەردان لە سیستەمی دادوەریدا بکەین، هاووڵاتیان دەتوانن ئەو لایەنە سیاسییە سزا بدەن کە دەستوەردان لە کاروباری دادگادا دەکەن".
هاوکات، باسی لە گرنگیی گوندەکان کرد: گوندەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگن، شەڕ و نائارامییەکان ڕێگر بوونە لە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان. دەبێت ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بکەینە کاری ئێستا و داهاتوومان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەبەرهێنەر هەبووە لەسەر ئەرکی خۆی ڕێگاوبانی دروستکردووە، هیوادارم وەبەرهێنەرانی سلێمانیش لەسەر ئەرکی خۆیان ڕێگاوبان دروست بکەن.
مەسروور بارزانی دەڵێت: دان بە زۆنی سەوز و زەرد نانێم" و دەڵێت، کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە هاتووچۆی هاووڵاتیان لە نێوان شارەکاندا بکات.
هاوکات، باسی لە بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد و گوتی: مامۆستایان مافی خۆیانە مانگانە مووچە وەربگرن، بەڵام "بایکۆتی مامۆستایانی سلێمانی دەستی سیاسی تێدابوو.. لایەنی سیاسیی هانی بەغدایان دەدا بۆ ئەوەی گوشارەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر بکات".