Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. چنار بۆ KDP باسی هاتنە پێشەوەی ئافرەتان لە ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیدا دەكات

ھەولێر-KDP.info- ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەمجارە گۆڕانکاریی گەورە کرا و ئافرەتێکی زۆر سەرکەوتن، ئەمەش کاریگەری دەبێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا ئافرەتی زیاتر بێنە پێشەوە.

د. چنار سەعد عەبدوڵڵا، بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من خۆم لە سنووری لقی١٠ی پارتی بووم لە سۆران، ئەو ماوەیەی لەوێ بووم، سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنی ئۆرگەکانی پارتیم دەکرد، بەپێی ئەو خوێندنەوانە و ئاگاداربوون و بەشداریی ئافرەت کە لە پرۆسەکەدا بینیمان، رێژەی بەشداریکردنی ئافرەت زۆر بەرزە و ڕێژەی لاو و گەنجیش باش بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو بەشداریی ئافرەت زۆر باش بوو و ڕێژەی سەرکەوتنیان لە ئاستی  بنکە و رێکخراو و سەرووتر زۆر باش بوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئافرەتان بەراورد بە پێشوو ئازاترن و ئامادەییان بۆ کاری حیزبایەتی تێدایە".

چنار سەعد گوتیشی: "پارتی کۆمەڵێک رێکاری دانابوو بۆ ھاتنەپێشەوەی ئافرەت لە ئاستی ناوچە و لقەکان و لە رێکخراو و لە بنکەکانیش، کە ئەگەر ئافرەت ھەبووایە  پێویست بوو لەبەرچاو بگیرێت و بەشداریی خودی ئافرەتیش وای کرد ئافرەتێکی باش سەربکەون بۆ ناو دەسەڵات لە ئاستی بنکە تا دەگاتە لقەکانیش، بۆیە ئەمە ڕەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر کارامەیی ڕێکخستنەکانی پارتی لە داھاتوودا و کاریگەری دەبێت بۆ ھاتنەپێشەوەی ئافرەتی دیکە، کە ئارەزووی ھاتنەپێشەوە بکەن و ئەو لاسەنگییەی ھەبوو، ڕاست بێتەوە".

د. چنار ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیدا کرا، گۆڕانکارییەکی گەورە بوو سەبارەت بە ئافرەت و لەمەودوا دەتوانین توانا و شارەزایی ئافرەت زیاتر ھەست پێ بکەین لە ھەموو ئۆرگانەکاندا، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ئافرەتی دیکەش دەبێت، بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە و ڕێژەی دەنگدەرانی پارتی لەناو ئافرەت زیاتر بێت.

دەشڵێت: "پێشتر ئاسانکاری بەو ئەندازەیەی ئێستا نەبوو ئافرەت بتوانێت بەو شێوەیە ڕکابەریی توندی لەگەڵ زۆرینەی پیاواندا هەبێت، کە ئەزموونی زۆریان ھەیە و بۆ ئافرەتان قورس بوو بێنە ناو ئەو ململانێیەوە، بەڵام دوای ئاسانکارییەکان، خۆیان کێبڕکێیان دەکرد سەرکەون و تەنانەت لە زۆر شوێن بە بێ کۆتا سەرکەوتن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، بەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە متمانەی بە توانای ئافرەت ھەیە و لە ھەمان کاتدا ئافرەتانی خوێندەوار و بەتوانا توانییان لە ململانێدا ھاوشان لەگەڵ پیاوان سەرکەون".

 

بڵند ئیبراھیم