Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چەند پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

سلێمانی-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییانی سنووری سلێمانی، باسی لە پرسی مووچە، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، کۆچی گەنجان، هەلی کار و چەند بابەتێکی دیکەش کرد.

مەسروور بارزانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "خۆشحاڵ بووم کە هەفتەی ڕابردوو، لەگەڵ خەڵکی سلێمانی بووم. گوێم لە ڕەخنە و خواستەکانیان بۆ داهاتوو گرت، ئەم گفتوگۆیانە لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوام دەبن و کاریگەریان لەسەر باشتر جێبەجێکردنی کارنامەکەمان دەبێت و سوپاسی کوردستانییان دەکەم".

سەرۆکی حکوومەت لە سەرەتادا دەڵێت: من بە نوێنەرایەتی حکوومەت و شەخسی خۆشم، لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام، بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لە بۆچوونەکانی ئێوە بگرم، پرسیارەکانی ئێوە ئەگەر هەتانە، وەڵامتان بدەمەوە و گفتوگۆیەکی زۆر ڕاشکاوانە و خۆمانە و دۆستانەمان هەبێت.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆچی گەنجان ڕایگەیاند، قاچاخچییەکان تاوانباری سەرەکین لەوەی گەنجان بچنە دەرەوە. دەشڵێت، "گەنجان پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن و زۆرینەیان ناگەن بە ئامانج، کە دەگەنە ئەوێش پەشیمان دەبنەوە و بەشێکیشیان کەوتوونەتە بەر پڕوپاگەندەی سیاسی".

مەسروور بارزانی دەڵێت، لەم کابینەیەدا گرنگیی زۆریان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و تەواوی کەرتەکانی دیکە داوە، "بەڵام ئەمە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت". باسی لەوەش کرد، "ئێستا جووتیاران زیاتر لە جاران ڕوو لە کشتوکاڵ دەکەن".

سەرۆکوەزیران ڕاشیگەیاند: "هیوادارم ئەو گەنجانە چاو لەوە بکەن بزانن چۆن کار بۆخۆیان بدۆزنەوە و حکوومەت هاوکاری و کارئاسانییان بۆ دەکات".

مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: "توانیومانە دەرگای هەناردەکردن بۆ بەرهەمی جووتیاران بکەینەوە" و دەشڵێت، "کاتێک لە دەروازەکان ڕێگە لە بەرهەمی بیانی دەگرین، کێشەی سیاسی دروست دەبێت".

مه‌سروور بارزانی، ڕوونیشیكرده‌وه‌: "نرخی گەنم بە شێوەیەكی گشتی لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەتە، یانی ئەگەر تەماشا بكەیت نرخی گەنم لە وڵاتێكی دیكە هەرزانترە لەوەی كە لە هاووڵاتیی خۆمان دەكڕدرێ لێرە بە پشتیوانیی ئەو نرخەی كە حكوومەتی عێراق نرخی بۆی داناوە. بەڵام حكوومەتی فیدڕاڵی ئامادە نەبوو هەموو دانەوێڵە و گەنمی كوردستان وەربگرێتەوە. ئەمجارە هەرچی هەوڵمان دا لە ٧٠٠ هەزار تەن زیاتر قەبووڵیان نەكرد وەریبگرنەوە".

لەبارەی پڕۆژەی "هەژماری من"، مەسروور بارزانی ڕایگەیاند، پڕۆژەکە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان دروستکراوە و وەڵامی ئەو کەسانەشی دایەوە کە "دژایەتیی هەژمای من" دەکەن و گوتی: پڕۆژەی 'هەژماری من' نە پڕۆژەی کەسییە و نە سیاسی. ١٩ خزمەتگوزاری لە پڕۆژەکەدا دەستەبەرکراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەی هەژماری من ڕێگری لە مووچەبڕینی حیزبی و سیاسی دەکات".