هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (یەکی موحەڕەم)، سەری ساڵی نوێی کۆچییەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بە بۆنەی هاتنەوەی (یەکی موحەڕەم) سەری ساڵی نوێی کۆچی، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، هیوادارین ئەو بۆنە پیرۆزە هەوێنی خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بێت بۆ کۆمەڵگاکەمان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و مایەی کۆتاییهاتنی کێشە و گیروگرفتەکان بێت.
لەو دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە سەر نەریتی دێرینی پێکەوەژیان و، پتەوترکردنی گیانی ئاشتەوایی و لێبووردەیی و بەرقەراربوونی سەقامگیری و هاوئاهەنگیی کۆمەڵایەتی و دوورخستنەوەی خولیا و بیری شەڕانگێزی و توندوتیژی لە هەرێمی کوردستاندا.
دووبارە سەری ساڵی نوێی کۆچی پیرۆز بێت و هەموو لایەک سەرکەوتوو و سەرفراز بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١ی موحەرەمی ١٤٤٦ی کۆچی
٧ ی تەمووزی ٢٠٢٤ی زایینی