Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ماڵپەڕی KDP دوایین زانیاری لەبارەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتیمان بڵاودەکاتەوە

ھەولێر-KDP.info- بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە لە مەکتەبی سیاسیەوە بەدەستی کەوتووە ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و لەکۆتایی ھەفتەش کۆتایی بە پڕۆسەکە دێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی٦ی٢٠٢٤ ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تەواوی ھەرێمی کوردستان  لە ١٧ لق دەستیپێکرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە مەکتەبی سیاسییه‌وه‌ بەدەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتوون، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی پەیڕەو و پڕۆگرامەکانی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان بەڕێوەدەچن بەردەوامە، زۆرینەی زۆری بنکە و ڕێکخراو و لیژنەی ناوچەکان ھەڵبژاردنیان بۆکراوە بەسەرکەوتوویی، بەشێکی لقەکانیش ھەڵبژاردن بۆ ستافی لقەکان کراوە بەسەرکەوتوویی تێپەڕیوە، ھاوکات لەسەرجەم سنوورەکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکووک، گەرمیان، ڕاپەرین ھەڵبژاردن کراوە، ئەوانەی کە ماویشن لیژنەکان دەستبەکارن و بەردەوامن لە پڕۆسەکە، پێشبینیش دەکرێت لەکۆتایی ھەفتە سەرجەم ھەڵبژاردنەکان لە قۆناغی یەکەم دا کۆتایی پێبێت تا ھەڵبژاردنی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگاکان.

ھاوکات ھەربەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پڕۆسەکە لەچوارچێوەی ڕێنماییەکاندا لەژێر سەرپەرشتی لیژنەیەکی باڵای ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پارتی لەگەڵ چەند لیژنەیەکیش لە پارێزگاکان و لقەکان و لە لیژنەی ناوچەکان بەڕێوەدەچن ئەم لیژنانەش کادیری پێشکەوتوو و بەتوانا و شارەزان لەبوارەکەدا پڕۆسەکە بەڕێوەدەبەن.

جگە لەوەش لەھەموو سنوورەکان لیژنەیەکی چاودێری و سکاڵا ھەیە بۆ ئەوەی ھەر سکاڵایەک ھەبێت یاخود ھەرجۆرە لادانێک ھەبێت بەدەر لە ڕێنماییەکان بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و بە باشترین شێوە و لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا سەرجەم ئۆرگانەکان ھەڵبژێردرێنەوە.