Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کاتێک پارتی دروشمی دیموکراسیی بەرز کردەوە

شێرکۆ حەبیب

لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ لە لایەن باوکی رۆحی نەتەوەیی کورد مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، دیموکراسی بووە دروشمی ئەو حزبە و تەنانەت یەکەم وشەی لە دروشمەکەی دیموکراسی بوو، لە روانگەی ئەوەی مافەکانی گەلی کورد بە تایبەتی و کوردستان بە گشتی لە کەشێکی دیموکراسی و وڵاتێکی دیموکراسی دابین دەکرێت، کاتێک پارتی دروشمی دیموکراسیی بەرز کردەوە، زۆرێک لەو وڵات و لایەنانە هێشتا وشەی دیموکراسی لایان نامۆ بوو، جێگای شانازییە حزبێکی وەک پارتی یەکەم حزبە لەسەر ئاستی عێراقدا پرۆسەی دیموکراسی لە نێو ریزەکانیدا چەسپاند و وەک دروشمی سەرەکی خەباتی لەو پێناوەشدا بەردەوامە.

ئەمڕۆ خۆشبەختانە پارتی سەرەڕای هەوراز و نشێو و هەوڵەکانی نەیاران دژی پارتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارتی توانی زاڵ بێت بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانە و توانی بە سەرکەوتووانە ١٤ کۆنگرە ساز بکات و لە هەر کۆنگرەیەکیش بە ئەزموون و گوڕوتینێکی تازەی دیکە درێژە بە خەباتی نەپساوه‌ی ساڵەهای ساڵان دەدات.

لە دوای کۆنگرەی ١٤ و لە ئاکامی بڕیار و رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ هەزاران کادیری ئەو حزبە لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا نوێنەری خۆیان بۆ ئۆرگانەکانی پارتی هەڵدەبژێرن، کە بێگومان ئەوەش دووپاتی سووربوونی پارتی و سەرکردایەتییەکەی بۆ درێژەپێدان و بایەخ بە پرۆسەی دیموکراسی و نوێبوونەوەی هزر و بیری سەردەمیانەیە بۆ پەرەپێدانی کارەکانی لە خزمەتکردنی کوردستان و میللەتەکەی، پارتی هەردەم لەگەڵ نوێبوونەوەیە بەپێی سیستمێکی سەردەمیانە و زیاتر بایەخدان بە کادیر و ئەندامانی و زیاتر پەروەردەکردنیان لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆی جیهاندا، تا بتوانن بەپێی توانا و هزری نوێ، لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆی بواری حزبایەتیی جیهان بتوانن خزمەتبەخش بن بە گەل و وڵات.

گرنگیی ئەنجامدانی ئەو ھەڵبژاردنە، دەبێتە هۆکاری زیاتر بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی کاری پارتایەتی و نەهێشتنی حاڵەتە سلبییەکان و هەروەها گەیاندنی دەنگی کادیران و پێشنیازەکان بە سەرکردایەتیی پارتی.

پارتی، ئەمڕۆ حزبێکی جیایە لەگەڵ حزبەکانی تردا، چونکە ئەمڕۆ پارتی هەروەک لە رابردوودا حزبی یەکەم بووە، بە هەمان شێواز ئەمڕۆش هەمان ئەو حزبەیە، بەڵام ئەمڕۆ بەرپرسیارەتیی زیاتری لە ئەستۆیە چ لە ناوخۆ یان دەرەکی، پارتی ئەمڕۆ حزبێکی لۆکاڵ نییە، بەڵکو حزبێکە سنوورەکانی بەزاندووە و وەک حزبێکی جیهانی رەفتار و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆیە دەبێ پارتیش ئەمڕۆ لە ئاستی ئەو گەورەیی و بەرپرسیارێتییەدا رەفتار بکات.

هیوای سەرکەوتن بۆ ھەڵبژاردنی ئۆرگانەکان دەخوازم لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی گەل و نیشتمان لەسەر بنەماکانی رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و بۆچوونەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی.