Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارە (۲٥)ی ئەم مانگە کۆنفڕانسی ناوخۆیی پارتیمان دەست پێبکات

باڵەکایەتی-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە باڵەکایەتی رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنفڕانسی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان تەواو کراون و لە ٢٥ی ئەم مانگەدا دەست بە ئەنجامدانی کۆنفڕانسی ناوخۆیی حزب دەکرێت.

کرمانج عززەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆنفڕانس یەکێکە لە بنەماکانی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڕوای بە دیموکراسیەت ھەیە، ھەڵبژاردنیش ھەمیشە ستانداردێکی نێودەوڵەتییە بۆ نوێبوونەوە و رۆڵدانە بە نەوە و خوێنی نوێ، بۆ ئەوەی باشتر تێکەڵی ئیشوکارەکان بن و وەکو سەردەمی خۆیان رۆڵ ببینن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆنفڕانسانەدا خوێنی نوێ تێکەڵی ئەزموونی پێشتر بێت و بتوانین لە پچووکترین ئۆرگان تا سەرکردایەتی رێکی بخەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین سەرپەرشتیی ئەم قۆناغە بکەین و حزب بەپێی سەردەمێکی مۆدێرن بەڕێوە ببەین و خزمەت بە ئامانجەکانی پارتی بکەین".

عززەت گوتیشی: "ئەمڕۆ سەرجەم ئامادەکارییەکان دەستیان پێکرد و سەرجەم پێداویستیی کۆنفڕانس لەلایەن لیژنەی باڵا و ئۆرگانەکانی پارتی دابین کراوە، هەروەها پێداویستیی تەکنیکی و دابەشکردنی لیژنەکان و دیاریکرنی شوێنەکان کاری تەواوی لەسەر کراوە، تا ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنەکان بە جۆرێک بێت زۆر شەفاف بێت و ھەموو کەسێک بتوانێ خۆی لەو ھەڵبژاردنەدا ببینێتەوە، کە بڕیارە ٢٥ی ئەم مانگە و لەم ھەفتەیەدا دەست بە ئەنجامدانی کۆنفڕانسەکان بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم