Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانیانی بەلەمەكەی پەنابەران دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەدواداچوون بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بەلەمێکی پەنابەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا دەکات.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بەداخەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی نغرۆبوونی بەلەمێکی گواستنەوەی کۆچبەران لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیتاڵیا بڵاوبووەوە.

هاوکات دەڵێت: لەنێو بەلەمەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هەبوونە، کە تا ئێستا ژمارەیەکیان ڕزگار کراون و چارەنووسی ژمارەکیشیان نادیارە.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم وێرای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێم و هاوکات لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی ئیتاڵیا لەپەیوەندی دایە، وێرای پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ ئەوەی لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە بکات و بەدواداچوون بکات تا هەرچی پێویستە بۆ قوربانیانی ئەنجام بدات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە پەیوەندییان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کردووە و داوای هاوکاری و بەدواداچوونیان کردووە.