Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باڵوێزی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق

ھوشیار سیوەیلی

(ھاوبەشیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەک بەردی بناغەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە).

دوێنێ باڵوێز (ترەیسی جاکۆبسۆن)، کە کاندیدی سەرۆک بایدنە بۆ پۆستی باڵوێزی وڵاتەکەی لە عێراق، چووە بەردەم کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەناتی ئەمەریکی و ھێڵە گشتییەکانی سیاسەت و بەرنامەی داھاتووی خۆی لە عێراق (ئەگەر سەنات کاندیدکردنەکەی پەسەند کرد) خستەڕوو.

لە بەشێکی قسەکانیدا ووتی (ھاوبەشیمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان وەک بەردی بناغەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە، سەقامگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا سوودی بۆ ھەموو عێراقییەکان دەبێت، ئەگەر کاندیدبوونەکەم پەسەندکرا، بە نیازی بەھێزکردنی ھاوبەشێتییەکەمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەھێزدەکەین لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراقی فیدراڵیدا).

ئەو لە بەشێکی تری قسەکانیدا ووتی (ئێمە دەزانین ھەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر سەقامگیری و سەروەریی  عێراق لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە....ئەگەر پەسەندکرام، تەواوی ئامرازەکانی سیاسەتی ئەمەریکا بەکاردەھێنم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرووپانە.)

خاتوو ترەیسی جاکۆبسۆن ماوەی ٣٠ ساڵە لە وەزارەتی دەرەوە کاردەکات و پێشر باڵوێز بووە لە تورکمانستان و تاجیکستان و کۆسۆڤۆ. 

باڵوێزی ئێستا خاتوو ئەلینا رۆمانۆوسکی لە ٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بووە باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق و ئەو وڵاتە باڵوێزی خۆی بۆ دوو ساڵ دەھێڵێتەوە.

دانانی باڵوێزەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سەناتە دوای ئەوەی سەرۆک باڵوێز کاندید دەکات.