Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازی له‌ سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران كرد

ھەولێر-KDP.info- نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 2024/6/14 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران و شاندێکی یاوه‌ری، كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌ گرنگیى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌ماى دراوسێیه‌تیى باش و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها خواستى دوولایه‌نه‌یان بۆ بره‌وپێدانیان به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانیدا نیشان دا.

باقرى، سوپاس و پێزانینى كۆمارى ئیسلامیى ئیرانى بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ئاسانكارى پێشكه‌ش به‌ زیاره‌تكارانى ئێرانى ده‌كات كاتێك له‌ ده‌وازه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى مه‌زار و شوێنه‌ پیرۆزه‌ ئایینییه‌كان له‌ باشوورى عێراق ده‌كه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى یارمه‌تى و پشتگیریى ئێرانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له هه‌بوونى په‌یوه‌ندییه‌كى باشى نێوانیان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئێرانى به‌ وڵات و دراوسێیه‌كى گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندیى له‌مێژینه‌یان كرد.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتىی و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان، ئاماده‌ی بوون.