Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

موقەدەم سەرکەوت: لەسەر ئاگرکەوتنەوە خەڵکانێک دەستگیر کراون

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیادی کردووە، دەشڵێ: هەندێک لە ئاگرەکان سروشتی بوونە و هەندێکیش هێشتان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت.

موقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە زیادیان کردووە، ھۆکارەکانیش زۆرن، لەوانەیە ھۆکاری ئەنقەست ھەبێت تا دەگاتە پشتگوێخستن و ھۆکاری سروشتی، چونکە ئەمساڵ بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەوا و زۆربوونی ھەورە بروسکە چەندین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراون.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی ھەرێم گوتیشی: بۆ ئەو ڕووداوانەی گومانیان لەسەرە وەک سووتانی بازاڕەکان، ژمارەیەک خەڵک دەستگیر کراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، دوای تەوابوونی ڕێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوەکان دادگا بڕیار لەسەر دۆسیەکانیان دەدات.

موقەدەم سەرکەوت کاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ڕێو شوێنی توندمان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ھاووڵاتییان و شوێنە گشتییەکان، تیمی گەڕۆکیشمان بڵاوە پێکرادووە، پێداچوونەوەش بە سیستمی ئاگرکوژێنەوەدا دەکەین،  بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕەکانیش بڕیار دەرچووە و خراوەتە بواری جێبەجێکردن، لادانی پەردە و زێدەڕۆیی لە ھۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەکردنی ئاگرن بۆیە ئەوانە لادەدرێن.

قائید میرۆ