Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پارێزگای دھۆک نزیکەی چوار ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک گوتی: بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێچیان زەوی تەرخانکراوە و بڕیارە نزیکەی چوار ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە قیستی درێژخایەن دروست بکرێن.
دکتۆر ھەڤال سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە لە پارێزگای دھۆک و قەزاکانی سەر بە پارێزگاکە ٣ھەزار و ٧٠٩ یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کرێچی و کەمدەرامەت دروست بکرێن، ئێستا زەوی تەرخان کراوە و باشترین شوێنیش بۆ دروستکردنیان دیاری کراوە، پێدانی یەکەکانیش بە قیستی درێژخایەن دەبێت.
دکتۆر ھەڤال سدیق گوتیشی: دروستکردنی ئەو یەکانە بەسەر سەنتەری پارێزگا و قەزاکاندا دابەش کراوە، بەجۆرێک لە دھۆک ھەزار و ١١١ یەکە، لە قەزای ئاکرێ ٥٨٣ یەکە، لە قەزای سێمێل  ٩٠٥ یەکە، لە قەزای بەردەڕەش ٤٥٨ یەکە، لە قەزای شێخان ٤٧٨ یەکە و لە قەزای ئامێدیش ٤٧٧ یەکە دروست دەکرێن.
بۆ دەستپێکردنیش چاوەڕێی تەرخانکردنی پارە دەکەین، دواتر وەبەرھێنەر دیاری دەکەین و دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەکان دەکرێت.

بڵند ئیبراھیم