Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان نین"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، ھێشتا ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەکردنی پرسی ئاوارەکان، دەشڵێ: ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی زۆرەملێ نین، بەپێچەوانەوە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانین.

سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: تا ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەکاری بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان نەکردووە، تەنیا بڕیارێکی کتوپڕ دراوە بێ ئەوەی کێشەی ئاوارەکان چارە بکرێت، چونکە ئاوارەکان کێشەی یاسایی زۆریان ھەیە و پێویستیان بە چارەکردنە، هەر بۆیە تا ئێستا تەنانەت ١%ی ئاوارەکانیش نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە هەوڵەکانمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان هەر بەردەوامین، ماوەی دوو هەفتەشە تیمێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەی یاسایی ئاوارەکان لەناو کەمپەکانە، بۆیان دەرکەوتووە کێشەکانیان زۆر ئاڵۆزن.

بەرپرسەکەی وەزارەتی ناوخۆ گوتی: ئەگەر حکوومەتی عێراق کێشەی ئاوارەکان چارە نەکات کێ چارەیان دەکات؟ وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سیاسەتی حکوومەت ڕوونە، دەربارەی دۆسیەی ئاوارەکان ئێمە لەگەڵ بەزۆر ناردنەوەی ئاوارەکان نین، دەمانەوێ بە پرۆسەیەکی ئارەزوومەندانە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، نابینە بەشێک لە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ھەندێ ناوچە.

لەبارەی دەنگۆی پچڕانی پەیوەندی نێوان ئیدارەی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سروە ڕەسوڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: تا ئەمڕۆ پەیوەندیمان ھەیە و پێش دوو ڕۆژ ئێمە لە بەغدا بووین، دوو حەفتەش تیمەکانی ئەوان لە ھەرێمی کوردستان بوون، دۆسیەی ئاوارەکان لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان یەک پاکێجی حکوومییە و ناوەندی ھاوبەشی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەی دەبات.
سروە ڕەسوڵ دەشڵێ: دەمانەوێ حکوومەتی عێراق جدی بێت لەسەر چارەکردنی پرسی ئاوارەکان، ئەوە ١٠ ساڵە کێشەکانیان چارە نەکراوە، لە شوێنێکی وەک شنگال ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە و پێشێلکاری ئەمنی ھەیە، چەندین ھێزی نایاسایی لە شنگال ھەن کەچی تا ئێستاش کچانی ئێزدی دەڕفێندرێن، بەداخەوە حکوومەتی فیدڕاڵ زۆر جدی نییە لە بابەتی ئاوارەکان، لەڕووی مرۆڤیەوە ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی پرسی ئاوارەکان زۆر ھاوکاریان بووینە و ئێستایش هەر ھاوکاریان دەبین.

قائید میرۆ