Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"گرفتی مووچەی فەرمانبەران چارەکراوە"

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق گوتی: سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگ بوو و دەستکەوتی باشی ھەبوو و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ٢٠٢٣ی بودجەی عێراق کرد، بودجە بەو شێوەیەی ئێمە دەمانویست، لە حکوومەت ڕۆیشتە پەرلەمان و پەسەند کرا.

 دکتۆر محەمەد شاکر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و کۆمەڵێک پرسی لەگەڵ لایەنەکان باسکردن کە پرسی سەرەکی مووچە و بودجە بوون و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکان لە چوارچێوەی ھەماھەنگی گفتوگۆی کرد، لەگەڵ چەند بابەتێکی دی، وەکو ماددەی ١٤٠ و نەوت و چەند پرسێکی دیکەش، ھەرجارێک سەرۆکی حکوومەت سەردانی بەغدای کردبێت کێشەکان لەماوەیەکی کورتدا چارە کراون، شاندەکانی حکوومەتیش ھەموو کات لە ژێر چاودێری جەنابیانە، بەڵام کە خۆی سەردان دەکات کاریگەری گەوەرەی ھەیە. یەکێک لەو کێشانەی چارە بووە .. ھەوڵێک ھەبوو دەنگ لەسەر خشتەکانی بودجە نەدرێت بەو جۆرەی بۆ حکوومەت ڕەوانە دەکرێت، وەکو ساڵی ٢٠٢٣ کە لە حکوومەت ڕەوانەکرا و لەوێ دەستکاری کرا، وەکو ئەوە پەسەند نەکرا کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا، ئەم جارەش نیاز ھەبوو ھەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوە، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو سەردانەی دواییدا ئەو گرفتەی چارەکرد و بودجەش وەکو ئەوەی ئێمە ویستمان پەسەند کرا.

دکتۆر محەمەد شاکر گوتیشی: لەبارەی ناردنی مووچە دوای پەسەندکردنی بودجە مووچەی فەرمانبەران لە نەفەقاتی فعلی جیاکراوەتەوە، ئێستا بودجە بۆ مووچە ھاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقی لێ ھاتووە، بۆیە بە ھیچ پرسێک گرێنەدراوە و پێویستە حکوومەتی عێراق مانگانە مووچە ڕەوانە بکات و ئەو پرسە چارەکراوە و دەنگیشی لەسەر دراوە و پەسەند کراوە، لەمەودوا مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت تەوتینیش تەواوبێت کە پرۆسەی ھەژماری من کاری لەسەر دەکرێت. 

دەشڵێت: ئەو مەرجەی لە بودجەدا ھاتووە بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داھات ڕادەست بکات، جێبەجێی کردووە، بۆیە گرفتی بەردەم ھاتنی مووچە چارەبووە و لەمەودوا پێویستە بەپێی یاسای بودجە مانگانە و لەکاتی خۆیدا مووچە ڕەوانە بکرێت. 

 

بڵند ئیبراھیم