Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەچاودێری سەرۆکوەزیران، کۆنفرانسێک لەبارەی ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوەدەچێت

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ئاماژەی بەوە کرد: لە لایەن حکوومەتی ھەرێم لیژنەیەک لە ھەشت وەزیر بۆ ناوچە کوردستانییەکان پێکھاتووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بە چاودێری مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەت، کۆنفرانسێک بەڕێوەببەن. 

 

فەھمی بورھان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ ناوچە کوردستانییەکان درا، لیژنەکە لە ھەشت وەزیر پێک دێت و دانوستان لەبارەی پرسی ناوچە کوردستانییەکان لەگەل بەغدا دەکات. 

 

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان گوتی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێیگوتین، وەک چۆن چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجە و ھەموو بابەتەکانی دیکەم لا گرینگە، پرسی ناوچە کوردستانییەکان، لای من زۆر گرینگە، منیش پێشنیارێکم کرد "کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو لیژنەیە و سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکرێت".

 

فەھمی بورھان ڕوونیکردەوە: سەرۆکی حکوومەت پێیڕاگەیاندین خۆی لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان ئامادە دەبێت، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو لیژنەیەی بۆ پرسی ناوچە کوردستانییەکان پێکھاتووە بە چاودێری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت و نوێنەری سەرۆککۆمار و فراکسیۆنە کوردییەکان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان یان کۆنفرانسێک ئەنجام بدات.

 

قائید میرۆ