Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی: هیودارین دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوە بچێت

کەرکووک-KDP.info- شاندێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ چارەکردنی کێشەی جووتیارانی کورد، سەردانی پردێی کرد. سەرۆکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن و کێشەکەیان بۆ چارە دەکەن.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 10-06-2024، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی جووتیارانی کوردی سنووری پارێزگاکە، سەردانی ناحیەی پردێیان کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پردێ و ژمارەیەک جووتیار کۆبوونەوە.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند، "لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، جووتیارانی کوردی سنووری کەرکووک کێشەی گواستنەوەی بەرهەمی گەنمەکەیان لە ڕێگەی بازگەکانەوە هەبوو، ئەو کێشەیەمان چارە کرد، بەڵام ئێستا کێشەیەکی دیکە هاتووەتە پێشەوە کە کەمیی وەرگرتنی بڕی گەنمی جووتیارانە".

حەسەن مەجید ئاماژەی بەوەش کرد، "لە سنووری ناحیەی پردێ زیاتر لە هەزار و 50 جووتیار هەن و ئەمساڵ بەرهەمی گەنمیان هەیە. ئەمەش وایکردووە هەموویان نەتوانن بڕێکی زۆری گەنم ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بکەن و لەم چەندە ناڕازین. لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین ناوی ژمارەیەک جووتیاری پردێ بخرێتە سەر سایلۆی ڕەشاد، بۆ ئەوەی بڕی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران زیاتر بکرێت".

لەبارەی هەوڵی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، "هیودارین دوای جەژنی قوربان یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە بچێت. پێم وایە کردنی یەکەم کۆ بوونەوە گرنگ دەبێت و سەرەتای پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی و هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک دەبێت کە دەبێت کورد بێت".