Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نازم هەرکی: لەجیاتی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی ئێزدی، با خزمەتیان بکەن

شنگال -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال گوتی: ئەوانەی دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی ئێزدی بگۆڕن با پڕۆژە پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن کە ١٠ ساڵە لە ئاوارەییدان و پێویستیان بە گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوە ھەیە نەک گۆڕینی ناسنامە، بەڵام ئەوانە لە خەمی کوردانی ئێزدی دا نین و دەیانەوێت مەرامی سیاسی خۆیان جێبەجێ بکەن و جارێکی دیکە کوردانی ئێزدی تووشی جینۆسایدێکی دیکە بکەن.

نازم ھەرکی، بەرپرسی لقی ١٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو ھەوڵەی دەدرێت بۆ ئەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی ئێزدی بگۆڕن نەک ڕێگەپێدراو نییە بگرە دەستووریش ڕێگە بەوە نادات، ئەمە پەیوەندی بە خودی کوردانی ئێزدییەوە ھەیە، ئەوان بڕیار دەدەن و ئاسان نییە بتواندرێت ناسنامەی نەتەوەیی بگۆڕدرێت، چونکە ئەمە پەیوەندی بە زۆر شتەوە ھەیە، وەکو خاک، کلتوور و زمان، ئەو کارە  ھەروا بەئاسانی نابێت، چونکە ئەگەر ئەوانە ڕاستدەکەن .. کاتێک پڕۆژە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی پێشکەشکرا ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتار ئیمزایان کرد کەچی ئێستا دێن ئیمزا بۆ ئەو پڕۆژەیە کۆدەکەنەوە، بۆیە ناکرێت ئەو پرسە بەسەر کوردانی ئێزدیدا فەرز بکەن، ئەوان خۆیان بڕیار لە ناسنامەی خۆیان دەدەن، بۆیە پرسی نەتەوەیی گرێدراوە بە کوردانی ئێزدی خۆیانەوە نەک کەسانی دیکە بۆ مەرامی سیاسی بۆخۆیان بەکاری بێنن.

نازم ھەرکی گوتیشی: ئەوەی دەکرێت جینۆسایدێکی دیکەیە، دەیانەوێت بەسەر کوردانی ئێزدی بێنن، دەستی دوژمن و نەیارانی کوردی ئێزدی لەگەڵ دایە، وەک چۆن بڕیاری کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی درا، ئێستاش دەیانەوێت بەو کارە دووبارەی بکەنەوە، بۆیە بڕیارێکی سیاسی لەپشت ئەو بیرۆکەیە هەیە، ئەوە ھێشتا بڕیار نییە و تەنیا پێشنیارکراوە، ئەمەش ھاوشێوەی پیلانەکانی دیکەی دژی کوردانی ئێزدی بەپێی دەستوور و یاسا پووچەڵ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی دی بیر لە شتی وا نەکرێتەوە.

ھەرکی باسی لەوەش کرد: جێگەی داخە لەجیاتی ئەوەی پڕۆژە پێشکەش بکرێت بۆ ئەوەی خزمەتی کوردانی ئێزدی بکرێت و بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە و ناوچەکانیان ئاوەدانبکرێتەوە و ئەمنیەتیان بۆ بگەڕێتەوە، دێن بیرۆکەی لەو شێوەیە دەخەنەڕوو کە ھیچ خزمەت بە کوردانی ئێزدی ناکات، چونکە کوردانی ئێزدی پێویستیان بەوە ھەیە چارەی گرفتەکانیان بکرێت و خزمەتیان بکرێت نەک بێن ناسنامەی نەتەوەییان بگۆڕن و جارێکی دیکە جینۆسایدیان بکەن، بەڵام ئەوانەی ئەو کارە دەکەن خەمی کوردانی ئێزدیان نییە و خەمی جێبەجێکردنی پیلانە سیاسیەکانی خۆیانە لە دژی کوردانی ئێزدی کە ھەرگیز ئەمە لای کوردانی ئێزدی جێگەی قبوڵکردن نییە، لەبەر ئەوەی باش لە مەرامی ئەوانە گەیشتوون و ١٠ ساڵە ھیچ خزمەتێکی کوردانی ئێزدیان نەکردووە.

بڵند ئیبراھیم