Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لیوا ھاوبەشەکان دابەشی ئەم شوێنانە دەکرێن"

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستبەکار بوونە و مووچەشیان بۆ بڕاوەتەوە، ئێستا خەریکی دابەشکردنیانن بەسەر ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان ھەیە.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو بە ڕێککەوتنی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دوو لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان پێکهێندران، بەھۆی نەبوونی بودجە بۆ ئەوەی مووچەیان بۆ دابین بکرێت دەستبەکاربوونیان دواکەوت، ئێستا مووچەیان بۆ دابینکراوە و مانگانە مووچەی خۆیان وەردەگرن و مەشق و ڕاھێنانیان تەواوکردووە و دەستیان بەکار کردووە، تەنیا ماوە بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکرێن.
سەگڤان سندی گوتیشی: لە خانەقین تا کەرکووک، سەڵاحەدین و مەخموور .. ھەر ناوچەیەک بۆشایی ئەمنی ھەبیت کە داعش بۆ خۆیان بەکاری دێنن و کردەوەی تیرۆرستی لێ ئەنجام دەدەن، ئەو ھێزانەی لێ جێگیر دەکرێت.
سندی باسی لەوەش کرد: پۆستەکانی ھەردوو لیوا نیوەی بۆ کورد دەبێت و نیوەی بۆ عەرەب، ھەموو پۆستەکان بەو شێوەیە دابەش دەکرێن.

بڵند ئیبراھیم