Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: رێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم دیاری کرا

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیار درا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن و بڕیاریشە دەست بە کردنەوەی سایلۆکان بکرێت و گەنم لە جووتیاران وەردەگرن، کە ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکان دەخرێنە ڕوو.

کەریم سلێمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ھەوڵێکی زۆری حکووومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە وەربگیرێت، بڕیار دراوە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرن، ھەرچەندە رێژەکە کەمە و بەرھەمی گەنمی ھەرێمی کوردستان زۆر  زیاترە، بەڵام ئەو رێژەیە دیاری کراوە و ئێمەش وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدەین ئەوەی دەمێنێتەوە بەرھەمی گەنمی جووتیاران لە رێگەی بەغدا و رێگەی دیکە بەرکار بێنین، بۆ ئەوەی ساخ ببێتەوە، بۆیە ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکان دەخاتە ڕوو".

سلێمان ڕوونیشی کردەوە: "بەپێی قسەی حکوومەتی عێراق، لەم ھەفتەیەدا دەست بە وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران دەکرێت و دەرگای سایلۆکانیش بە ڕووی جووتیاراندا دەکرێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم