Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئایا پارتی تووند و عینادە ؟

سالار عوسمان

بەشی دووەم

هەر لەنێو تەوەری ڕاگەیاندندا باس لە چەمکگەلێک کراوە، ئەگەر بەخێراییش بێت، ناکرێ لای لێ نەکەینەوە، وەک: (یەکترقبووڵکردن، مرۆڤدۆستی، پێکەوەژیان)، کە هەریەک لەو چەمکانە بۆ پارتی و ڕاگەیاندنەکەی، بنەمان، بڕوان، ڕوانگەن و چوونەتە نێو مێژوو و هەنووکەش هەر بە هەمان قووڵیی مێژوویی کاری لەسەر دەکات.

ئەگەر سەیری وێستگەکان بکەین، ئەوەمان بەڕوونی بۆ دەسەلمێت، کە ڕێبازی بارزانی درەوشاوەترین ڕێبازی یەکترقبووڵکردن و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە لە ناوچەکەدا، سروشتی پارتی، پێکهاتەکەی، جێکردنەوە بۆ هەمووان، ڕا و ڕوانگەکانی، داکۆکیی بەردەوامی لە جیاوازییەکان، گیانی بەشداری و هاوبەشیی ئەوانی تر و، تا دەگات بەو شەڕەی ئێستاش دەیکات لە پرسی کۆتاکان، هەمووی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە ڕۆشنەیە، کە پارتی بڕوای بەو چەمکانە هەیە و گەورەتر لە دروشم بەرخورد دەکات و، گەر ببێتە شەڕیش ـ دیارە مەبەستمان شەڕە مەدەنییەکەیە لەم کاتانەدا ـ  هەر پارتی دەبینرێ  لە گۆڕەپان و ئەم گۆڕەپانەش جێناهێڵێت.

پارتی لە ڕاگەیاندندا بەرگرییەکی کەلتوورییانە لە هەموو ئەو چەمکانە دەکات ـــ خۆ ئەگەر سەیرێکی ئەتڵەسی ڕاگەیاندنی پارتی بکەیت، لە هەمووان فرەڕەنگترە و زۆرترینی لێ کۆ بووەتەوە و ئەم فرەیی ڕەنگ و زۆریی لە پەیڤینەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە پارتی لە ڕاگەیاندندا دۆزدارە، دۆزی هەیە و دەزانێ چی دەکات و بەرەو کوێ دەڕوات.

جار جار گوێمان لەوە دەبێت، کە گوایە پارتی تووندە و، بگرە هەندێ جار هێوەتریش دەڕۆن و دەڵێن پارتی عینادە!.. پێم وانییە تا ئێستێ ئەم وەسف و وێنایانە باش گفتوگۆ و شی و شەن و شیتاڵ و شرۆڤە کرابن، بە کورتی پارتی نە تووندە و نە عیناد، ئەوەی هەیە ڕاستگۆیە لەگەڵ بڕواکانی خۆی، پێداگرە و نایەوێت گۆڕەپانی بنەماکانی خۆی چۆڵ بکات، نایەوێت پشت لەو مێژووە بکات، کە پڕە لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو ئەو ئارمانجانە، کە: (یەکترقبووڵکردن، مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان) بەشێکی هەره‌ گەشی ئەو ئارمانجانەیە و ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژان پتر سەرۆک بارزانی جەختی لێ دەکاتەوە و هەمووان دەخاتە سەر ڕاستەڕێ، ئەو ڕاستەڕێیەی کە ڕووناکییەکەی بۆ هەمووانە و بەشێکە لە پڕۆسەی ئایندەسازیی کوردستان.