Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بەرز ڕاگیرا

دهۆک -KDP.info- ئەمڕۆ بەبۆنەی 48مین ساڵوەگەڕی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز چەندین چالاکی بەڕێوەچوون و باس لە قۆناغی دەسپێکردنی شۆڕش کرا.

لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئۆرگان و جەماوەری پارتی یادی 48 ساڵەی بەرپابوونی شۆڕشی گوڵان بەرز ڕاگیرا و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو چالاکییەکانی یادی شۆڕشی گولان بەردەوامییان هەبێت.

هەر ئەمڕۆ لە گوندی کەمەکای سەر بە پارێزگای دهۆک خێوەتگەیەک کرایەوە و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی جەماوەری دهۆک یادی ئەو ڕۆژانە کرایەوە کە تێیدا پێشمەرگە بەرەنگاری گەورەترین ڕژێمی ئەو سەردەمە بووەوە.

هەر لە مەراسیمەکەدا سەربەست لەزگین بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک و د.نەوزاد عەبوڵڵا بەرپرسی لقی یەکی پارتی تیشکیان خستە سەرقۆناغی دامەزراندنی شۆڕشی گوڵان و ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد: دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازن.

ڕۆژی 26ی  گوڵانی 1976 لە دەڤەری حاجی ئۆمەران شۆڕشی گوڵان دەستی پێکرد و سەید عەبدوڵای حاجی ئۆمەرانی وەک یەکەم شەهیدی شۆڕش ڕۆحی کردە قوربانی شۆڕش و کوردایەتی.

قائید میرۆ