Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ١٠٠ تەختی باشیک کرا

باشیک -KDP.info- ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ھەوڵێکی زۆر، بە گوژمەی ٧٧ ملیار دینار دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ١٠٠ تەختی باشیک کرا.

د.ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ھەوڵی زۆری فراکسیۆنی پارتی و نوێنەرانی پارتی لە مووسڵ و لە پەرلەمانی عێراق، بە گوژمەی ٧٧ ملیار دینار دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەی ١٠٠ تەختیی باشیکی سەر بە پارێزگای مووسڵ کرا و پێویستە لەماوەی ٢ ساڵ نەخۆشخانەکە تەواوبکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە، چونکە تا ئێستا نەخۆشخانەی ئاوا گەورە لەو دەڤەرە نییە.

د.ئەحمەد دووبەردانی گوتیشی: ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتێکی زۆر باشی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری ناحیەی باشیک دەکات، چونکە ھەموو پێکھاتەکان لەو سنوورە دەژین، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە ئەوەی لە تواناماندابێت بۆ خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکە بیکەین، بەردەوامیش دەبین و لە ھەر ناوچەیەک پێویست بێت کار دەکەین و خزمەتگوزارییان بۆ دابین دەکەین.

بڵند ئیبراھیم