Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسی لقی یەکی پارتی بۆ KDP: بووینەتە ڕایەڵەیەکی گرنگی نێوان خەڵک و حکوومەت

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، خزمەتێکی گەورەی پارێزگای دھۆکی کردووە و دەشڵێ؛ ئێمە بووینەتە ڕایەڵەیەکی گرنگی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکوومەت بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان و حکوومەتیش داواکارییەکانی ئێمە زۆر بە باشی لەبەر چاو دەگرێت.

دکتۆر نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە پارێزگای دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە تایبەت کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، یەکێک بووە لەو کابینانەی کە گرنگییەکی زۆری بە پارێزگای دھۆک داوە و توانراوە ئەو کێشانەی لەناو سەنتەری پارێزگا ھەن، چارەسەر بکرێن و ئەو داواکاریانە لەلایەن خەڵک و حیزبیش پێشکەش دەکرێن، ئێمە بە راپۆرت ئاڕاستەی حکوومەتی خۆجێی و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتیان دەکەین و بە خۆشحاڵییەوە داواکارییەکانی ئێمەش لەبەرچاو دەگیرێن".

بەرپرسی لقی یەک گوتیشی: "دوای ئەوەی بەندە وەکو بەرپرسی لق دەستبەکار بووم، ئەو داواکاریانەی پێشکەشمان کردوون، حکوومەت زۆر بایەخی پێ داون، بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت و ببنە بڕیار و جێبەجێ بکرێن، بۆیە لەم کابینەیەدا ئێمە بووینەتە ڕایەڵەیەکی گرنگی پەیوەندیی نێوان خەڵک و حکوومەت، بۆ ئەوەی بە زووترین کات داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن بەپێی توانای حکوومەت، چونکە ئەگەر داتا وەربگرین، لەم کابینەیەدا خزمەتێکی یەکجار زۆری دھۆک کراوە".

دکتۆر نەوزاد ڕوونیشی کردەوە: "تیمەکانی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی وەزیران، زوو زوو سەردانی پارێزگای دھۆک دەکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری داواکاریی خەڵک بن و بە شێوەیەکی خێرا بتواندرێت کاریان لەسەر بکرێت، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە بەھێزەکانی ئەکم کابینەیە بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، بۆ ئەوەی ئەو کەموکوڕیانەی ھەن، زووتر چارەسەر بکرێن، بۆیە داواکاریی خەڵک لە پڕۆژەی ستراتیژی و پڕۆژەکانی دیکە زۆریان جێبەجێ دەکرێن و پڕۆژەی زۆر باش ئەنجام دراون، سەرەڕای قەیرانەکان و دژایەتیکردنی حکوومەت لە ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام کاری زۆر گەورە ئەنجام دراون".

دەشڵێ: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە خزمەتکردن بەردەوامە و ھەمیشە بەدەم داواکاریی خەڵکەوە دەچێت، ئەمەش بۆ خەمخۆریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە زۆر جیدییە و وای کردووە میللەتی ئێمە ئەو ھەموو بەربەست و قەیرانانە تێپەڕێنێت".

 

بڵند ئیبراھیم