Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەمڕۆ فوئاد حوسێن سێ پارچەی گرانبەهای شوێنەواری عێراقی وەرگرتەوە

سویسرا-KDP.info- وەزیری ناوخۆی سویسرا سێ پارچەی شوێنەواری عێراقی رادەستی وەزیری دەرەوەی عێراق کردەوە. وەزارەتەکە دەڵێت: "گومان دەکەین بە رێگەیەکی نایاسایی لە عێراق برابێتنە دەرەوە." 

رۆژی هەینی، 24-05-2024 لە رێوڕەسمێکدا لەنێو وەزارەتی رۆشنبیریی سویسرا لە شاری بێرن، ئێلیزابێس بۆمێ شنایدەر، وەزیری ناوخۆی سویسرا سێ پارچە شوێنەواریی عێراقی رادەستی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.

سێ پارچەکە پێکهاتبوون لە نیمچە پەیکەرێک و دوو تابلۆی هەڵکۆڵراوی میزۆپۆتامیا کە تەمەنیان لە نێوان هەزار و 700 بۆ دوو هەزار و 800 ساڵە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لەچوارچێوەی دیپلۆماسییەتی گەڕاندنەوەی شوێنەوارەکانی عێراق، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە بەگەڕخرا، ئەمڕۆ هەینی بەڕێز فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ پارچەی زۆر گرانبەهای شوێنەواری عێراقی وەرگرتەوە. پارچەکان بۆ سەردەمی دێرینی ئاشوورییەکان دەگەڕێنەوە."

بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سویسرا، سێ پارچە شوێنەوارەکە لە سێ پرۆسەی فەرمیی کنە و پشکنینی ساڵانی 1857، 1959 و 1976 لە میزۆپۆتامیا، عێراقی ئێستا دۆزراونەتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سویسرا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "سێ پارچە شوێنەوارییەکە گرنگییان زۆرە، دوای ئەوەی سێ پارچەکە دۆزراونەتەوە، گومان دەکەین بە رێگەیەکی نایاسایی لە عێراق برابێتنە دەرەوە."

وەزارەتی ناوخۆی وڵاتە ئەورووپییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ساڵی پار لە ئۆپەراسیۆنێکی دژەتاواندا لە کانتۆنی جنێڤ دەستبەسەر سێ پارچەکە و 43 پارچەی دیکەدا گیراوە.

لەنێو پارچە شوێنەوارییەکاندا، دوو تابلۆی هەڵکۆڵراوی ئاشووری هەن کە بۆ سەدەی هەشتەمی پێش زایین دەگەڕێنەوە و لە شاری دێرینی نەمروود لە باشووری مووسڵ دۆزراونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: "نیمچە پەیکەرەکە پەیکەری خواوەندی خۆری ئاشوورییەکانە."

وەزارەتەکەی سویسرا دەڵێت: "پارچە کولتوورییەکانی میزۆپۆتامیا، کە بە لانکەی شارستانییەت ناسراون، یەکێکن لەو کەلوپەلانەی عێراق کە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە."