Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دڵشاد شه‌هاب بۆ KDP: سەردانی هه‌موو لایه‌نه‌كانمان كردووه‌ و سەردانی دیكەشمان دەبێت

هەولێر-KDP.info- دڵشاد شه‌هاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ده‌ڵێ، ئامانجی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پارێزگاریكردنە لەو پێگە دەستوورییەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگایەكی دروستی گفتوگۆ. ده‌شڵێ، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، هەمیشە پێی وایە هیچ دەرگایەكی داخراو بە هەمیشەیی نییە و هەموو دەرگایەك كلیلێكی هەیە و كلیلی هەموو دەرگا داخراوەكانیش گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە.

دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، تایبه‌ت به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "له‌ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هیچ كات لە بۆشاییەكی وادا نەبووین كە لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكان دوور بین. سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بووەته‌ ئەو چەترەی كۆكەرەوەی هەمووانە، لە بەرانبەریشدا لایەنە سیاسییەكان بەدەنگەوەهاتنی باشیان هەبووە و لە بارودۆخە سەخت و قورسەكاندا حزبە سیاسییەكان كە زۆر زەحمەت بووە لەگەڵ یەكدا كۆببنەوە، لە سەرۆكایەتی كۆبوونەتەوە".

دڵشاد شه‌هاب گوتیشی: "سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕێز لە ڕاوبۆچوونی هەمووان دەگرێت و حزبەكانیش ئامادەیی باشیان تێدایە، تەنانەت بۆ یەك جاریش نەبووە، سه‌رۆكایه‌تیی هەرێمی كوردستان داوەتی لایەنەكانی كردبێت و ئامادە نەبووبن، ئێمه‌ش پێزانینی زۆرمان بۆ ئه‌و هاماهه‌نگی و به‌پیره‌وه‌هاتنه‌یان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆمان سەردانمان كردوون و سەردانی دیكەشمان دەبێت و هیچ لایەنگیرییەكیش بۆ هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی نییە".

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ده‌شڵێت: "تەنیا ئامانجی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پارێزگاریكردنە لەو پێگە دەستوورییەی هەرێمی كوردستان، كە جوانییەكەشی لەوەدایە ئەزموونێكی جوانی دیموكراتی و ئازادی پێشكەش بكەین و هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بەڕێوە ببەین، كه‌ هه‌مووان تێیدا به‌شدار بن و زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو و ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێت".

له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی دڵشاد شه‌هاب گوتی: "به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پاراستنی ئازادییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان به‌ دوو كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كیی حكومڕانیی هه‌رێم ده‌زانێت و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگارییان لێده‌كات، پارێزگاریكردن له‌ مافی ئافره‌ت و خێزان و ژینگەی هه‌رێم و پێكەوەژیان، هه‌میشه‌ جێگای بایه‌خی به‌ڕێزیانه‌، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێگایەكی دروستی گفتوگۆ، جەنابیان هەمیشە پێی وایە هیچ دەرگایەكی داخراو بە هەمیشەیی نییە و هەموو دەرگایەك كلیلێكی هەیە و كلیلی هەموو دەرگا داخراوەكانیش، گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە".