Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی بەکەرتی وەرزش لە سنووری دھۆک داوە

دھۆک -KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیە لە سنووری پارێزگای دھۆک گرنگییەکی یەکجار زۆری بە کەرتی وەرزشی داوە، تا ئێستا جگە لە هاوکاری ماددی لەو سنوورە کاری لە شەش یاریگا کردووە بە درووستکردن و نوژەنکردنەوەوە، ئەمەش بۆتە جێگەی دڵخۆشی و خۆشحاڵی لاوانی دەڤەرەکە.

سەڵاح ئیبراھیم، سەرۆکی یانەی ئاکرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە کەرتی پەروەردە داوە، لەم ماوەیە چوار یاریگای بۆ ئێمە درووستکردووە، یاریگای پێشترمان بەکەڵکی یاریکردن نەدەھاتن، بۆیە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاریگای ئاکرێ، بەردەڕەش، گردەسین و دینارتە بە شێوەیەکی زۆر سەردەمیانە نوژەنکراونەتەوە و ئێستا کەوتوونەتە خزمەت لاوان و وەرزشدۆستان، یاریگای دینارتە و ئاکرێ و بەردەڕەش فریزەکەیان لە سرووشتییەوە بۆ فریزی دەستکرد گۆڕدرا، یاریگای گردەسێنیش گەورە کرا.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ملیارێک و ٥٠٠ملیۆن دیناری بۆ دابین کردین، چوار یاریگای پێ نوژەنکرایەوە و پاسێکیش بۆ یانەی بجیل کڕدرا، ھاوکاری ماددیش بە یانەکان درا، چونکە پێشتر یاریمان ھەبووایە دەچووین بۆ شارەکانی دیکە، ئێستا لە شارەکانی دیکە دەتوانن بێن لە یاریگاکانی ئێمە یاری بەڕێوەببەن بە خولەکانی کوردستانیشەوە.

سەڵاح ئیبراھیم گوتیشی: دوای ھاوکاری و نوژەنکردنەوەی یاریگاکانمان، ئەمساڵ توانیومانە ببینە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان و دووەمی جامی کوردستانیش، ئەمەش دەستکەوتێکی باش بوو،  ھیوادارین بەھۆی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستمانھێناوە بۆ سوپاسکردنێک سەردانی سەرۆکی حکوومەت  بکەین و خۆشحاڵی خۆمان بۆ ھاوکارییەکەی دەربڕین.

لای خۆشیەوە، ھەڤال محەمەد شەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی کەلەکچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی جۆراوجۆری بۆ سنووری ناحیەکەمان ئەنجامداوە، ئەوەی پەیوەندی بە وەرزشەوە ھەیە .. لە سنووری ناحیەکەمان ٣٠ تیپی وەرزشیمان هەیە و ھیچ یاریگا و بنکەی وەرزشیمان نەبوو، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یاریگایەکی مۆدێرنی بە گوژمەی ٧٧٥ملیۆن دینار بۆ دروستکردووین، ئێستا یاریگاکە تەواوبووە و کەوتۆتە خزمەت وەرزشوانان، ئێستا کار لە درووستکردنی یاریگایەکی تۆپی بالە دەکرێت بە گوژمەی ٨٠ملیۆن دینار، ئەویش لە قۆناغی کۆتاییدایە، بڕیارە بنکەیەکی وەرزشیش لە سەنتەری ناحیەی کەلەکچی درووستبکرێت، بەمەش گرفتی کەرتی وەرزشی  چارەسەر دەبێت.

بڵند ئیبراھیم