Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری شارەوانی سێ: پلان ھەیە بۆ فراوانکردنی سنووری ھەر شەش شارەوانی ھەولێر

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری شارەوانی سێ لە ھەولێر دەڵێ: دوو گەڕەکی نوێ لە سنووری شارەوانی سێ ئاوەدان دەکرێنەوە، پلانیش ھەیە سنووری ھەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ھەولێر تا دەگاتە پشتێنەی سەوزایی فراوان بکرێت.

ئەندازیار محەمەد یوسف، بەڕێوەبەری شارەوانی سێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری شارەوانی سێ دوو گەڕەکی نوێ دروست بوونە، ئەوانیش گەڕەکی سێبەردان و قەرەبووی گردجووتیارن، گەڕەکی قەرەبووی گردجووتیار دەکەوێتە سەر شەقامی ١٥٠ مەتری و ئێستا بەشێوەیەکی خێرا کار بۆ کردنەوەی شەقامەکانی دەکرێت کە ١١٨ شەقامە، پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆش بۆ ئەو گەڕەکە نوێیە دابین دەکرێت، پڕۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری بۆ قەرەبووی گردجووتیار دەکەونە قۆناغی دووەم، دوای گواستنەوەی تۆماری زەویەکان شارەوانی سێ ڕێگەپێدانی دروستکردنی خانوویان پێدەدات.


بەڕێوەبەری شارەوانی سێ گوتیشی: گەڕەکی سێبەردانیش لە ١٠ ھەزار پارچە زەوی پێکھاتووە و ڕێگەپێدان بۆ سێ ھەزار پارچە زەوی دەرچووە بەپێی پێویست ڕێگەپێدان بەوانی دیکەش دەدرێت، ھەندێ پڕۆژەی خزمەتگوزاریش لەو گەڕەکە لە جێبەجێکردندان، لەوانەش دروستکردنی مزگەوت، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی، ھەر شوێنێک ڕێگەپێدانی بۆ دەرچوو ٢٥%ی ئاوەدان کرایەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاریشی بۆ دابین دەکرێت.


لەبارەی گواستنەوەی پیشەسازی باکوور بەڕێوەبەری شارەوانی سێ دەڵێت: ناوچەی پیشەسازی باکوور یەکێکە لە ناوچە ستراتیژییەکانی ھەولێر و گرینگی خۆی ھەیە، بەردەوامیش کار بۆ نوژەنکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری دەکەین، ھەرچەندە کەوتووەتە ناو سەنتەری شار یش، بەڵام ئێستا ھیچ بڕیارێک نییە بۆ گواستنەوەی، لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە کاتی گواستنەوەی ھاتووە، لەبەر ئەوەی ناوچەی پیشەسازی بۆ سەردەمێک شوێنەکەی گونجاوبوو، بەڵام بۆ ئێستا سەنتەری شارە و پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە.


ئەندازیار محەمەد یوسف ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پلانی شارەوانی ھەیە بۆ فراوانکردنی سنووری ھەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی ناو ھەولێر تا دەگاتە پشتێنەی سەوزایی، چونکە بەردەوام شار لە فراوانبووندایە و پێویستە لەگەڵ گەورەبوونی شار سنوورەکانیش فراوان بکرێن، ئەو شارۆچکانەی دەکەونە بەر فرانکردن فەرمانگەی شارەوانی خۆیان دەمینێ، بەڵام دەبنە بەڕێوەبەرایەتی.


قائید میرۆ