Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"شاندی وەبەرھێنەرانی قەتەر دێنە زاخۆ"

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی وەبەرھێنەرانی قەتەر سەردانی زاخۆ بکەن، ئێمەش شەش پرۆپۆزەلمان پێشکەش کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لەلایەن قەتەرەوە.

جگەرخوین تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای سەردانی مانگی ڕابردووی شاندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بڕیارە لە ٢٧ ئەم مانگە شاندێکی وەبەرھێنەرانی وڵاتی قەتەر سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکات بۆ بەشداریکردن لە کەرتی وەبەرھێنان و ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان لە ئیدارەکە، ئەوان سروشتی زاخۆ دەبینین و بە شەش پرۆپۆزەلەکەی ئێمەدا دەچنەوە.


بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی زاخۆ گوتیشی: ئێمە دەمانەوێ وەبەرھێنەرانی قەتەر ڕۆڵیان ھەبێ لە کەرتی وەبەرھێنانی زاخۆ، بێگومان سەردانی ئێمە بۆ قەتەر و سەردانی شاندی ئەوانیش بۆ زاخۆ بەرھەمدار دەبێت، بەتایبەتی بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وەبەرھێنانی قەتەری.

جگەرخوین تاھر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو پڕۆژانەی پێشنیارکراون بۆ وەبەرھێنەرانی قەتەر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام بدرێن پێکھاتوون لە پڕۆژەیەکی ستراتیژی کشتوکاڵ، پڕۆژەی بەنداوی زاخۆ، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی گەشتیاری و ھەندێ پڕۆژەی دیکە.