Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەمجارە هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گیراوەتەبەر

کەرکووک-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمجارە هەنگاوی کردەیی بۆ کێشەی جووتیارانی پەلکانە، بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی "سەرکردایەتی شۆرش سەردەمی ڕژێمی بەعس" گیراوەتەبەر.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی ئایاری 2024، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئامادە بوونمان ئەمڕۆ دووپاتکردنەوەیە لەسەر چارەسەری کێشەکان، دوێنێ پەیوەندیم بە سەرۆکی عەشیرەتی شەمەری کرد و لە نزیکەوە سەردانی پەلکانەشم کردووە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت: "جەختم لەوە کردووەتەوە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک، هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کەرکووک، بەشێوەیەکی ڕیشەیی کێشەکان چارەسەر بکەن". دووپاتی دەکەمەوە دووبارە، "نەک لەبەر ئەوەی ئێوە مافەکانتان زامن کراوە و قەرەبوو بکرێن، نەخێر. ئەمجارە هەنگاوی کردەیی لە دەسەڵاتی یاسادانان و لە حکوومەتیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی "سەرکردایەتی شۆرش سەردەمی ڕژێمی بەعس" گیراوەتەبەر.

بۆ چارەسەری کێشەکان دەشڵێت: "خوێندنەوەی یەکەم کراوە بۆ  چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەر حاڵەتێکدا، ئێمە وەکو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەگەڵ ئەوەداین کێشەی هەموو لایەنەکان چارەسەر بکرێن، چونکە هەیە پشێوی فیتنە دروستدەکات لە ناوچەکە ناتوانین چارەسەری بکەین، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە چارەسەرەکە لەدەستی ئێمەدایە وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، توانای ئەوەمان هەیە کێشەکان چارەسەر بکەین".

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی گوت، "دەمانەوێت گوێبیستی ئەوەبین کە ئێوە داوای دەکەن لە ئێمە، هەر بۆیە وەکو سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەمڕۆ دەگەین بە چارەسەری ڕێشیی کێشەکان".

ڕاشیگەیاند، "ڕێگری کردن لە جووتیاران، چارەسەری کێشەکان ناکات و چارەسەریش لای ئەوان نییە، هەروەها لەلای سەرکردایەتی ئەمنیش نییە، بەڵکو لای دەوڵەت و لای ئێمەیە. ئێمەش بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە".