Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەیەک بۆ وەرگرتنەوەی زەوی جووتیارانی کورد و قەرەبووکردنەوەی عەرەبی ھاوردە پێکهاتووە

بەغدا -KDP.info- نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوێنێ لە کۆبوونەوی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی عەرەبی ھاوردە و گەڕانەوەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان پێکھاتووە.

دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوێنێ کۆبوونەوەی ژمارە ٨٢ی لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بەڕێوەچوو، لەبارە بڕیاری ژمارە ٢٩ی حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ گەڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارە کوردەکانی پارێزگای کەرکووک و قەرەبووی جووتیاری عەرەبی ھاوردە قسە و باسی زۆرمان کرد، لیژنەیەکی تایبەتیش پێکھێنرا بۆ ئامادەکردنی پێداچوونەوەیەک لەسەر قەرەبووی جووتیارانی عەرەبی ھاوردە و گێڕانەوەی زەوی بۆ جووتیارە کورد و تورکمانەکان.

ناوبراو جەختی کردەوە: لیژنەکە بۆچوونی وابوو ئەو جووتیارە ھاوردانەی قەرەبوو کراون بە قەرەبووەکە ڕازی نین قەرەبوویان بۆ زیاد بکرێت بە شێوەیەکی گونجاو زەویەکان بەجێبێڵن، ئەو جووتیارە ھاوردانەی قەرەبوویان وەرنەگرتووە بەشێوازێکی عادیلانە قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمانە لە شوێنی لەدایکبوونی خۆیان بە گرێبەستی تازە قەرەبوو دەکرێنەوە، بەشێکی دیکەی جووتیاری عەرەبی ھاوردە ھەن و دەڵێن: ئێمە قەرەبوومان ناوێت و دەمانەوێت لەسەر زەویەکان بمێنینەوە بە حیسابی خۆیان خەڵکی کەرکووکن.

نوێنەری ھەرێم لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ گوتی: ئێمە ھەمیشە گووتوومانە و دوێنێش لە کۆبوونەوەدا گوتمانەوە: ھەرچی زووە قەرەبوو بکرێنەوە و بڕۆن و زەویەکان بەجێیبێڵن بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان، ھەروەھا قەرەبووی ئەو جووتیارە کورد و تورکمانانەیش بکرێت کە لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە زەویەکانیان داگیرکراوە و تا ئێستا لێی سوودمەند نەبوونە.

دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: سەبارەت بەوانەی دەیانەوێت لەسەر زەویەکان بمێننەوە، ئێمە قبووڵی ناکەین، دەبێت قەرەبووی خۆیان وەربگرن و زەویەکان بەجێیبێڵن، ئەگەر خەڵکی کەرکووکیشن با لە گوندە غەیرە کوردەکان زەوی کشتوکاڵییان پێبدرێت.

قائید میرۆ