Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە سەرۆکی تازەی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان کۆببێتەوە، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، مەحموود مەشھەدانی بۆ ئەو پۆستە کاندیدێکی بەھێزە.

دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ١٨ی ئەم مانگە، کە دەکاتە رۆژی شەممەی سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەک ساز بکات، بۆ ئەوەی سەرۆکی تازەی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرێت".

لای خۆشیەوە، دکتۆر خالید رێکانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "رۆژی شەممەی داهاتوو بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەلەمانی عێراق دیاری کراوە، کە ماوەی شەش مانگە پەرلەمان بێ سەرۆکە و سوننەکانیش فشار دەکەن گەر ئەو پرسە یەکلا نەکرێتەوە لە پرۆسەی سیاسی دەکشێنەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت رۆژی شەممە سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکرێت".

رێکانی دەشڵێ: "لە ئێستادا مەحموود مەشھەدانی کاندیدی بەھێزی سوننەکان و چوارچێوەی ھەماھەنگییە، بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت و ئێمەش وەکو کورد لەگەڵ ئەوەداین سوننەکان خۆیان یەکلا بکەنەوە، ئەوکات ئێمەش پشتگیرییان دەکەین، چونکە ئێمە وەکو کورد دەمانەوێت ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە و سوننەکان لەنێو خۆیاندا بگەنە رێککەوتن، ئەگەرنا ئێمە گرفتمان لەگەڵ کەسدا نییە".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "کاتی ئەوە ھاتووە ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە و چیتر پەرلەمان بێ سەرۆک نەبێت و سەرۆکێکی تازە بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، چونکە ماوەیەکی زۆرە پەرلەمان بێ سەرۆکە".

 

بڵند ئیبراھیم