Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشەناوخۆییەکی کوڕان لە ھەولێر تەواو دەکرێت

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆ تەرخانکردووین و دەست بە تەواوکردنی بەشەناوخۆیی کوڕان لە ھەولێر کراوە، بۆ ساڵی ئایندە قوتابیان دەتوانن لەو بەشە ناوخۆییە بمینێنەوە.


دکتۆر کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەشەناوخۆیی کوڕان لە ھەولێر بینایەکەی تەواو بووە و تەنیا پێداویستی ناوخۆ و کارەبای ماوە، بەشە ناوخۆییەکی گەورەیە و بەشێوەیەکی زۆر باش دروستکراوە و شوێنی ٢ ھەزار و ٢٠٠ قوتابی تێدا دەبێتەوە، بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواو دەکرێت.

دکتۆر کامەران یونس گوتیشی: سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆ تەرخانکردووین، دەست بە تەواوکردنی بەشەناوخۆییەکە دەکەین و پێداویستی بۆ دابین دەکرێت و کارەباشی بۆ ڕادەکێشرێت، لە ساڵی نوێی خوێندن ئەو بەشە ناوخۆییە بەڕووی قوتابیانی خۆشەویستدا دەکرێتەوە و دەتوانن تێیدا بمینێنەوە.

یونس باسی لەوەش کرد: بە تەواوبوون و کردنەوەی ئەو بەشە ناوخۆییە گرفتی کەمی بەشە ناوخۆیی لە زانکۆی سەڵاحەدین نامینێت، چونکە پێشتر بینای بەشەناوخۆییەکە تەواو ببوو تەنیا مابوو پێداویستی ناو بەشەناوخۆییەکە و کارەبای بۆ ڕابکێشرێت.

بەشەناوخۆیی کوڕان دەکەوێتە پشت بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین و ٩٨%ی تەواو بووە، بڕیارە دوای ڕاکێشای کارەبا و دابینکردنی پێداویستی ناوەوە بەشەناوخۆییەکە بەڕووی قوتابیاندا بکرێتەوە.


بڵند ئیبراھیم