Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت

ھەولێر -KDP.info- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، هەموو فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكەی ڕاسپاردووە پەلە لە پرۆسەی زانینی ژمارەی مەزەندكراوی فەرمانبەران بكەن و تا هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرت بنێرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/5/2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە، لە كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی شارەوانی بە مەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی كوردستان بۆ  دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن.