Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجومەنی تێکۆشەران بۆ KDP: ئەو ئەرکەی خراوەتە ئەستۆمان جێبەجێی دەکه‌ین

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەرانی سەر بە بارەگای سەرۆک بارزانی، رایگەیاند: "ئێمە ڕاستەوخۆ سەر بە بارەگای بارزانین و پێشنیاز لە ھەموو بوارەکان بە راپۆرت ئاراستەی بارەگای بارزانی و مەکتەبی سیاسی دەکەین، تاوەکو ئێستاش راپۆرتەکانی ئێمە بەھەند وەردەگیرێن، چونکە چەندین راپۆرتمان پێشکەش کردووە و زۆرێکیشیان وەڵام دراونەتەوە".

ئاسۆ کەریم، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەنجومەنی تێکۆشەران بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی، لە کۆنگرەی چواردەدا بڕیاری لێ درا و پێک ھێندرا، ئەنجومەنەکەش لە ٤٢ ئەندام پێکدێت و دەستەی کارگێڕی ھەیە لە ١٥ ئەندام پێکدێت، کە سەر بە بارەگای سەرۆک بارزانییە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەو ئەنجومەنە دوو ئەرکی سەرەکی لە ئەستۆیە، ئەرکێک ئەوەیە پێشنیاز و راسپاردە بە سەرۆک بارزانی دەدات و پرسێکی دیکە سەرۆک بارزانی داوا لە ئەنجومەن دەکات رای خۆیان لەبارەی ھەر پرسێک بدەن و لە ھەمان کاتیشدا ئەنجومەن دەتوانێت پێشنیاز لە بواری سیاسی و کارگێڕی و پارتایەتی بە مەکتەبی سیاسی بدات، بۆیە ئەو ئەنجومەنە زیاتر راوێژکارییە و ئەنجومەنێکە کۆمەڵێک کەسانی شارەزای لە ھەموو بوارێکدا تێدایە".

کەریم گوتیشی: "ئەو ئەنجومەنە راپۆرتەکانی خۆی لە بواری سیاسی و ئابووری و کارگێڕی و پارتایەتی دەداتە سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی و تا ئێستا چەندین راپۆرتمان پێشکەشی ئەوان کردووە، کە پەیوەندییان بە پارتی و ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بۆیە کارەکانی خۆمان بە ڕێکوپێکی ئەنجام دەدەین و ھەندێک جار لەخۆمانەوە ھەندێک پێشنیاز دەدەینە لایەنی پەیوەندیدار، کە خزمەتی پرۆسەی سیاسی و ھەرێمی کوردستان و پارتی دەکات".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ئەو ئەنجومەنە، ئەو ئەرکەی خراوەتە ئەستۆی جێبەجێی دەکات و رای خۆمان دەگەیەنینە سەرووی خۆمان، چونکە ئەو ئەنجومەنە پێشنیاز و راوێژ و راسپاردە پێشکەش دەکات، بۆیە ئەنجومەنێکی راوێژکارییە و  ئەوان بڕیار دەدەن لەبارەی پێشنیاز و راسپاردەکانی ئێمە، بەڵام ئاگادارین سەرووی خۆمان زۆر جار وەڵامی راپۆرتەکانی ئێمە دەدەنەوە و زۆر جاریش ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکەن، بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینن و بەھەندی وەردەگرن".

 

بڵند ئیبراھیم