Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فوئاد حوسێن: پەرۆشین بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان

به‌غدا-KDP.info- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئاسایشی مه‌ده‌نی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ كۆبوونه‌وه‌.

له‌ میانه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا هاتووه‌، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 8ـی ئایاری 2024)، دكتۆر فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، چاوی كه‌وت به‌ ئوزرا زیا یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئاسایشی مه‌ده‌نی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی لێكه‌وته‌ و ده‌ره‌نجامه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی بۆ واشنتن كرا و جیا له‌ تاووتوێكردنی بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

دكتۆر فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌میانه‌ی دیداره‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، عێراق هەنگاوی گەورەی لە بواری بنیاتنانی دیموکراسیی دامەزراوەکانیدا ناوە و خەڵکەکەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، عێراق كار بۆ به‌ فەرهەنگیکردنی پرسی مافی مرۆڤ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك دۆخێكی له‌بار بۆ به‌رده‌وامیدانی ساز بكرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پەرۆشین بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، ئوزرا زیا ستایشی هەنگاوه‌كانی عێراقی له‌باره‌ی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ كرد و جەختیشی لەوەش کردەوە، هاوبەشیی ئەمه‌ریکا و عێراق بناغەی بنیاتنانی دامەزراوەكانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤه‌.