Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بێشکچی بۆ KDP: كورد دەتوانێت ململانێی زلهێزەكان بۆ بەرژەوەندیی دۆزی خۆی بقۆزێتەوە

ھەولێر-KDP.info- ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و بیرمەندی گەورە و دۆستی گەلی کورد كە توانا و ئەزموونی بەشێكی تەمەنی لەپێناو مافەكانی گەلی كورددا خەرج كردووە و لەو پێناوەشدا تووشی ئەشكەنجە و دەردەسەریی زۆر بووەتەوە، لە نوێترین هەڤپەیڤینیدا باسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەكات لەم دۆخەی ئێستا كوردستانی تێ كەوتووە و دەشڵێت، گرنگە کورد لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو شوێنێکدا پێگەی کوردستانیی بوونی خۆی بپارێزێت.

بێشکچی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێشهاتێکی زۆر گرنگە کە هەرێمی کوردستان بووەتە "ناوەندێکی دیپلۆماسی" لە ناوچەکەدا، چونكە گفتوگۆی دوولایەنە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. لەم کۆبوونەوانەدا کورد دەتوانێت ئاماژە بەو نادادپەروەری و ستەمانە بکات کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە سەردەمی کۆمکاری گەلاندا بەرانبەر کورد و کوردستان کراوە.

هەروەها دەڵێت: كورد دەتوانێ ئەوە ڕوون بكاته‌وە، ئەم نادادپەروەرییانە لە سەردەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا كە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دامەزرا و بەردەوام بوون، لە كاتێكدا ئەو ڕێكخراوە بۆ ئەوە دروست بووە، هیچ گەلێک و هیچ وڵاتێک مافی گەلان و وڵاتانی تر پێشێل نەكات. كورد دەتوانێت داوای ڕاستکردنەوەی ئەو نادادپەروەرییانە بكات.

ئیسماعیل بێشكچی كە دەزگایەكی بەناوی بێشكچی لە شاری ئیستانبووڵی توركیا هەیە و بەشێكی زۆری كارەكانی بۆ خزمەتی گەلی كورد تەرخان كردووە، لەم هەڤپەیڤینەدا ئەوەشی خستە ڕوو: لەم هەلومەرجەدا، كورد دەتوانێت شەڕی زلهێزەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بقۆزێته‌وه‌ و گەشەی کوردستان مسۆگەر بکات. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە هەلومەرجی شەڕی زلهێزەكان كوردستان دابەش بوو، ئەم جارە دەتوانێت لە هەلومەرجێكی وادا سوودی لێ ببینێت. سەرەڕای ئەوەی كورد ئێستا 50 بۆ 60 ملیۆن کەسە، بەڵام له ڕێکخراوه نێودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنفرانسی ئیسلامیدا جێی نییە.

لە بارەی ڕۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی، بێشكچی بە بایەخەوە باسی دەكات و دەڵێت، هەردەم ڕۆڵی سەرۆک گرنگ بووە، چونكە لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو شوێنێکدا داكۆكی لەوە دەكات كە كورد پێگەی کوردستانیی خۆی بپارێزێت و پەرەی پێ بدات.

ئەو بیرمەندە توركە پێی وایە، پێشهاتەكانی ئێستا ڕوو دەدەن، گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا دروست دەكەن و نموونەی ململانێی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەهێنێتەوە و دەڵێت: لە کاتی پێشهاتەکانی ناوچەکەدا پێویستە کورد بە دوای ڕێگاکاندا بگەڕێت بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو دەوڵەت: ئەمەریكا و ئیسرائیل.

درێژە بە پێشبینییەكانی دەدات: مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەم پێشهاتانەی ناوچەکە لە ماوەیەکی کورتدا نەخشەی سیاسی دەگۆڕن، بەڵام دەکرێت بارودۆخی ڕاستەقینە دروست بکرێت. لەم پێشهاتانەدا پاراستنی زمانی کوردی و کولتووری کوردی زۆر گرنگن، بۆ نموونە نابێ پشتگوێ بخرێت کە منداڵانی باکوور بە زمانی کوردی پەروەردە دەکرێن و بە زمانی کوردی گەورە دەبن. لە كۆتاییشدا دەڵێت: "یەکگرتوویی و یەكڕیزیی کورد زۆر گرنگە، ئەمەش لە كاتێكدا دەبێت كە لە چوارچێوەی هەڵوێستی کورد و کوردستاندا گەشە بکات.

 

کاروان باعەدری