Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوكرده‌وه‌

ھەولێر-KDP.info- لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داوا دەکات هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عیراق: 

بەناوی خودای گەورەو میهرەبان 

بەسەرسورمانێکی زۆرەوە بەیاننامەیەک لەلایەن چەند فراکسیۆنێک لە پەرلەمانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:

١- پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم هێزی سیاسی کوردستان بوو لەرێگای جەنابی سەرۆک بارزانی و لەبەهاری ساڵی ١٩٩١ لەگردبونەوەیەکی جەماوەری لە کۆیە باسی لەوەکرد دەبێت شەرعییەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعییەتی دەستووری و دیموکراسی لەرێگای هەڵبژاردنەوە.

٢- لەساڵی ١٩٩٢ تادواین هەڵبژاردن  پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەم بووە و هیچ کات ترسی هەڵبژاردنی نەبووە و نیە، چونکە پشت ئەستورە بەئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتیمان و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان.

٣- پارتی ماوەی دوو ساڵە داوا دەکات هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئیستا بەیاننامە دەنووسن خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو رێگربوو لەئەنجامی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیوت ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت ناهێڵین صندوقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لەسنووری سلێمانی هەڵبژاردن بکرێت. 

٤- پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و لەگەڵیشی دەبێت بەمەرجێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان پارێزراو بێت و دوور بێت لەدارشتن و دیزاینی پێش وەختە و ئەو تێبینی و سەرنجانەی پارتی تێبینی یاسایی و تەکینیکی زۆر گرنگن و پارتی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی شەفاف و دوور لەدەست وەردانە.

٥- پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێک بکرێت مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت، و ناکرێت پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق نوێنەریان هەبێت و لەپەرلەمانی کوردستان بێبەش بکرێن. 

لەکۆتاییدا داوا دەکەین هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن و داواش دەکەین تیمی یونامی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و چاودێرانی نێودەوڵەتی چاکتر و فراوانتر چاودێری پرۆسەکە بکەن و پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و دوربێت لەسەپاندنی ئیرادە و ئەنجام و دابەش کاری پێش وەخت.

 

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق 

٢٠٢٤/٥/١